KFA- هەریەك لە (هێنگ شیك) بەرپرسی بەشی پەرەپێدانی وەرزش و (مارتن كلار) راوێژكار لە رێكخراوی (GIZ)ـی ئەڵمانی, سەردانی بارەگەی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستانیان كرد، لە لایەن (سەفین كانەبی) سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان و (سەلام حوسێن) سكرتێری یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان و، (شوان رەئووف) بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان پێشوازییان لێكرا.


رێكخراوە ئەڵمانییەكە چی بۆ تۆپی پێی كوردستان دەكات؟
دانیشتنەكە یەك كاتژمێری خایاند، پەیامنێری رۆژنامەی هەولێریش لە كۆبوونەوەكە ئامادە بوو، سەرەتا (هێنگ شیك) بەرپرسی بەشی پەرەپێدانی وەرزش لە رێكخراوی (GIZ) پێناسەیەكی كورتی رێكخراوەكەیانی كرد، كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ هاوكاری وڵاتان كار دەكەن و ئامانجی ئەوان خزمەتكردنە لە زۆربەی بوارەكانی ژیان، دواتر هاتە سەرباسی ئامانجە سەرەكیەكەیان، كە خزمەتكردن و هاوكارییە بۆ یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان و گەشەپێدانی تۆپی پێی كوردستان.
(هێنگ شیك) ئاماژەی بە بەرنامەكانی خۆیان كرد، كە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە خزمەت بە تۆپی پێی كوردستان بكەن و ببنە هاوكارێكی باش بۆ پێشخستنی وەرزش بە گشتی و تۆپی پێی كوردستان، ئەویش بە كردنەوەی خولی جۆراوجۆر لە بواری راهێنەرایەتی بە تایبەت بۆ یاریزانانی تەمەن (8 تا 18) ساڵان، چونكە ئەوان لە ئەڵمانیا پێیانوایە كاركردن لە پێناو دروستكردنی تیپێكی باشی سەرووی 18 ساڵی، دەبێ‌ لە سەرەتاوە بناغەیەكی باش دروست بكەیت و گرینگی بە یاریزانانی خوار 18 ساڵی بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (شیك) هێمای بۆ ئەمە كرد، كە ئەم جۆرە خولانەی ئەوان لە رێكخراوی (GIZ) بۆ راهێنەرانی كوردستانی دەیكەنەوە، لە لایەن یەكیەتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) و یەكیەتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا باوەڕپێكراون و، هەر راهێنەرێك لەم خولانە بەشدار بێت بڕوانامەی یەكیەتیی تۆپی پێی ئەڵمانیای پێدەدرێت.

سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان داواكاری زیاتری هەبوو
(سەفین كانەبی) سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان، دوای ئەوەی باسی لە تەواوی چالاكییەكانی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان لە (11) ساڵی رابردوو و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردەی كوردستان، بە تایبەت لە جامی (كۆنیفا) و (نەروای كەپ) كرد، ئاماژەی بەمەش كرد، كە كوردستان لە دۆخێكی ئابووری خراپ گوزەر دەكات، بۆیە ئێوە پێویستە هاوكارییەكانتان بۆ تۆپی پێی كوردستان فراوانتر بكەن و هەر لە چوارچێوەی كردنەوەی خول قەتیس نەبێ‌، بە تایبەت ئەگەر لە رووی ماددییەوە هاوكاری یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان بكەن، پێموایە لەم كاتەی كوردستاندا كارێكی زۆر گرینگ دەبێ‌.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان گوتیشی: “دەمانەوێت لە رێگەی ئێوە پەیوەندی لەگەڵ یەكیەتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا دروست بكەین، چونكە ئێوە لە تۆپی پێدا وڵاتێكی زۆر پێشكەوتوون، بە دڵنیاوە بۆ داهاتووی تۆپی پێی كوردستان كارێكی گرینگ و بە سوود دەبێ‌.”

دوو مانگی دیكە بە كردار دەست بە كارەكانمان دەكەین
كۆبوونەوەكە لە كۆتاییەكە نزیك دەبوویەوە، (هێنگ شیك) بە وردی گوێی بۆ قسەكانی سەرۆكی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان گرتبوو، دواتر لە رێگەی پۆستەرێكەوە، تەواوی بەرنامە و پلانەكانی بۆ سەرۆك و سكرتێری یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان روونكردەوە، لە كۆتا قسەكانیشدا بەڵێنیدا هەموو هەوڵێك بدات بۆ ئەوەی پەیوەندی لە نێوان یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان و یەكیەتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا دروست بكات، بە شێوەیەكی فراوانیش هاوكاری یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان بكەن.
(شیك) لە بارەی دەستپێكردنی بەرنامەكانیان بە شێوەی پراكتیكی گوتی: “سەرەتا دەبێ یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان هاوكارێكی باشمان بێت بۆ ئەوە كارەكان بە باشی بڕوات، ئێمەش تەواو بەرنامەكانمان پێشكەش بە رێكخراو دەكەین، وای بۆ دەچم دوو مانگی بوێت بۆ ئەوەی جارێكی تر بگەرێنەوە كوردستان و كارەكان بە كردار ئەنجامبدەین.”

سەفین كانەبی “یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان هاوكارێكی باش دەبێ‌”
بەر لەوەی شاندی رێكخراوە ئەڵمانییەكە بارەگەی یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان جێبهێڵن، (سەفین كانەبی) سەرۆكی یەكیەتی تۆپی پێی كوردستان پێی راگەیاندن، كە ئەوان لە یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستان هاوكارێكی زۆرباش دەبن بۆ سەرخستنی بەرنامە و پرۆگرامەكانیان، ئامادەییان تێدایە بۆ هەموو ئاسانكارییەك، كارەكانی ئەوان (رێكخراوە ئەڵمانییەكە) لە كوردستان لە ماوەی رابردوو جێگەی رێزە، بۆیە دڵنیان كاری باشمان بۆ دەكەن و متمانەمان پێتانە، لە كۆتایشدا شاندی رێكخراوە ئەڵمانییەكە رێزیان لێگیرا و درعی تایبەت بە یەكیەتیی تۆپی پێی كوردستانیان پێدرا.

لەم چەند ساڵەی رابردوو خزمەتی زۆری كوردستانیان كردووە
جێگەی باسە، رێكخراوی (GIZ) لە ساڵی 1975 لە ئەڵمانیا دامەزراوە و بارەگەی سەرەكییان لە شاری (ئشبۆرن)ـە، ئەم رێكخراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بارەگەیان هەیە، كاری ئەوان خزمەتكردن و پێشكەشكردنی هاوكارییە لە بوارە جیا جیاكان، بە تایبەت لەم وڵاتانەی هەژارن، بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2011 هاتوونەتە كوردستان و لە كەرتەكانی (پەروەردە، تەندروستی، كشتوكاڵ و دۆزینەوە هەلی كار بۆ گەنجان) لە هەرێمی كوردستان خزمەتێكی بەرچاویان كردووە.

هەولێر – هەردی مالیك

Leave a Reply