KFA- له‌ شارى كه‌ركووك و له‌سه‌ر یاریگاى ئه‌و یانه‌یه‌ ، هه‌ردوو یانه‌ى كه‌ركووكى خاوه‌ن یاریگا و نه‌ورۆزى میوانى به‌ ئاماده‌بوونى زیاتر له‌ 5000 هانده‌ر به‌ره‌نگارى یه‌كتربونه‌وه‌، به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ش ئاڵایه‌كى گه‌وره‌ و پیرۆزى كوردستان هێنرایه‌ نێو یاریگا .

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى فیكه‌ى ناوبژیوان، یاریزانانى هه‌ردوو تیپ به‌ هه‌ستیارى یارییان ده‌كرد ، له‌ده‌قیقه‌ى ده‌یه‌مى یارییه‌كه‌دا ، به‌رهه‌م به‌هادینى هێرشبه‌رى یانه‌ى كه‌ركووك له‌ ڕێگاى شوتێكى موشه‌كئاساوه‌ یه‌كه‌م چانسى خۆى تاقیكرده‌وه‌، به‌ڵام سه‌رووى ستوونى گرت ، دواتر و به‌ شێوه‌یه‌كى یه‌كسان تۆپ له‌ناوه‌راستى یاریگادا بوو له‌و تایمه‌دا هیچ هێرشێكى مه‌ترسیدار به‌دى نه‌كرا .

له‌ تایمى دوه‌مى یارییه‌كه‌دا یاریزانانى یانه‌ى كه‌ركووك تاڕاده‌یه‌ك باشتر ده‌ركه‌وتن كاتێك داره‌وان قادر چه‌ند گۆڕانكارییه‌كى ئه‌نجامدا نه‌ورۆزیش به‌ به‌رگریه‌كى تۆكمه‌ ده‌ستیپێكرد ، له‌ ده‌قیقه‌كانى ( 73 و 80 ) دا سالار حوسین و بینجامین ئۆگباباجى دوو هه‌لى ئاسانیان بۆ دروست بوو، به‌ڵام سودیان لێ نه‌بینى ، ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ش به‌یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات .

به‌و یه‌كسانبونه‌ش نه‌ورۆز به‌ 5 خاڵ و كه‌ركووكیش به ‌چوار خاڵ له‌ پله‌كانى خۆیان مانه‌وه‌.

كه‌ركووك – ئاكۆ بیبانى
فۆتۆ – ئیبراهیم یه‌شار

 

Leave a Reply