KFA- یەكێك لەو یاریزانانەی كە لە یارییەكانی وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان بە ئاستێكی بەرز دەردەكەوێت یاریزان (ئاراز مستەفا)ـیە كە لە یانەی زێرەڤانی یاری دەكات، هەرچەندە زێرەڤانی ئەم وەرزە بە ئاستێكی خراپ دەردەكەوێت بەڵام (ئاراز كەلار) ڕۆڵێكی زۆری هەیە لە یانەكەی، ئەو لە گەڵ ئەوەی كە لە هێڵی بەرگری یاری دەكات، بەڵام تا ئێستە گۆڵكاری یانەكەیە و وەك خۆی دەڵێ سێ گۆڵی تۆمار كردووە و 5 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە هەموو یارییەكان بە شێوەیەكی سەرەكی و لە هەر دوو گێمدا یاری كردووە و تا ئێستە هیچ كارتێكی زەرد و سووری بە ڕوودا بەرز نەكراوەتەوە، (ئاراز) بە هۆی ئاستبەرزییەكەیشیەوە 4 جار لە لایەن ماڵپەڕ و تیڤییەكانەوە بە باشترین یاریزان دەست نیشانكراوە و 3 جاریش ناوی لە پێكهاتەی مانگانەی خولەكەدا هەبووە، دەربارەی هۆكاری ئاست بەرزیەكەی و چەند پرسێكی تر، وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.


هۆكاری ئاستبەرزییەكەی چیە؟ لەسەر هۆكاری ئاستبەرزییەكەی لە وەرزی ئەمساڵدا، (ئاراز) دەڵێت: بۆ هەر یانەیەك یاری بكەم، هەوڵ دەدەم بەرزترین ئاستی خۆم پێشكەش بكەم و دەمەوێت ئەو پارەیە حەلاڵ بكەم كە وەری دەگرم، بۆ بەرزیی ئاستیشم لە وەرزی ئەمساڵدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆر بە جدی یاری دەكەم و كۆڵ نادەم، وە ئامانجی ئەوەم هەیە كە ئەمساڵ ببمە باشترین یاریزانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان. باشترینی یانەكەیەتی دەربارەی ئەوەی كە لە گەڵ ئەوەی ئەو یاریزانی هێڵی بەرگرییە، بەڵام گۆڵ زۆر تۆمار دەكات، یاریزانەكەی پێشووی یانەی سلێمانی وتی: زۆر جار ڕاهێنەر ڕۆڵی هەیە لە بەرزبوونەی ئاستی یاریزان، ئەمساڵیش ڕاهێنەر (سەمیر بابۆ) وای كردبوو كە هەماهەنگییەكی زۆر لەگەڵ هێڵی هێرشبەردا دروست بكەم و ئازادی كرد بووم لەوەی كە بەشداری هێرشەكان بكەم، ئەمەیش وای كردووە كە گۆڵ تۆمار بكەم و لە ئێسەدا سێ گۆڵم هەیە و گۆڵكاری زێرەڤانیم، 5 گۆڵیشم دروست كردووە. لە ژیانە وەرزشیدا ڕقی لە كام یارییە دەبێتەوە كە بەشداری كردووە؟ (ئاراز) ماوەیەكی زۆرە یاریزانە و لە زۆر یانە یاریی كردووە، ئەمەیش وای كردووە ئەزموونێكی زۆری هەبێت، لە ماوەی یاریكردنیشیدا زۆر یادگاریی خۆش و ناخۆشی هەیە، بە گوتەی خۆیشی ناخۆشترین ڕۆژی، ئەو یارییە بووە كاتێك لە یانەی سلێمانی لە بەرانبەر یانەی مینای بەسڕادا تووشی دۆڕان بوون، كە لە یارییەكەدا 17 هەزار هاندەر ئامادە بوون، ئەمە بە ناخۆشترین ڕۆژ دادەنێت. بە زۆر یاریزان سەرسامە لە بەشێكی تری قسەكانیدا (ئاراز كەلاری) هێمای بۆ ئەوەكرد، كە لە ماوەی یاریكردنیدا لە گەڵ زۆر یاریزانی باش و ئاستبەرزدا یاریی كردووە و زۆرن ئەوانەی كە ئەو پێیان سەرسامە بووە، بەڵام ناتوانێت بە دیاریكراوی یاریزانێك دەستنیشان بكات و پێی وایە كە یاریزانی زۆر باش لە كوردستان هەن، كە ئەزموونێكی زۆریان هەیە. لە هیچ هێرشبەرێك ناترسێت لە بارەی ئەوەی كە لە ماوەی یاریكردنیدا لە هێڵی بەرگری لەگەڵ چ هێرشبەرێكدا تووشی ئاستەنگی بووە، یان ڕووبەڕووبوونەی لە گەڵ كام یاریزان بە ئەستەم زانیوە، (كەلاری) ئاماژەی بەوە كرد كە لە یاریگەدا زۆر متمانەم بە خۆم هەیە هیچ یاریزانێكی دیاریكراویش نییە كە لێی ترسابم، یان نەمتوانیبێت ڕایبگرم. باسی لەوەیش كرد كە دەبێت هاوشێوەی یاریزانی هێڵی بەرگری، پێویستە هێرشبەریش حسابی تایبەت بۆ یاریزانی هێڵی بەرگری بكات، كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. هیچ ڕاهێنەرێك دەستنیشان ناكات زۆر ڕاهێنەر هەبوون كە (ئاراز) لە ژێر سەرپەرشتیی ئەواندا مەشقی كردووە و سوودێكی زۆری لە ئەزموونی ئەو ڕاهێنەرانە بینیوە، بەڵام ئەو دەڵێت ناتوانم بە دیاریكراوی باسی ڕاهێنەرێك بكەم كە حەزم نەكردووە جێم بهێڵێت یان هەر لە ژێر سەرپەرشتیی ئەودا یاری بكەم و هەموویان بۆ من جێگەی شانازین. كام گۆڵ لای ئاراز خۆشەویستە؟ وەك یاریزانی هێڵی بەرگری (ئاراز) زۆر جار گۆڵی جوان و سەرنجڕاكێش تۆمار دەكات، بەڵام لەلای خۆی دوو گۆڵ زۆر تایبەتن لە ژیانە وەرزشیدا، لەسەر ئەمە وتی دوو گۆڵم هەیە زۆر جوانن لام یەكەمیان ئەو گۆڵەی كە لە یاری نێوان چەمچەماڵ و خانەقین لە خولی یانە پلە یەكەكان تۆمارم كرد دووەمیش ئەو گۆڵەی ئەمساڵ لە بەرانبەر یانەی گازی باكوور بە لێدانی ڕاستەوخۆ تۆمارم كرد.

دیمانە: هێمن ئەسكەندەر

Leave a Reply