KFA- یاریزانی پێشووی هەڵبژارەی كوردستان و عێراق و یانەكانی هەولێر و قوەی جەویە و تازەیاریزانی یانەی برایەتی (هەڵگورد مەلا محەممەد تاهر زێباری)، لەدایكبووی ساڵی 1987 ـی گوندی دینارە ـی سەر بە قەزای ئاكرێ ـیە، ئەگەرچی (هەڵگوورد) هاوشان لەگەڵ (هاوار مەلا محەممەد) ـی برای ناوێكی دیاری وەرزشی عێراق بوونە، بەڵام لە سەرەتای كاروانی وەرزشیاندا ئەمان بە ئاسانی وەرزشیان نەكردووە بەو پێیەی لە پێناو گرینگی دانیان

بە خوێندنەكەیان باوكیان نەیهێشتوە وەرزش بكەن مەگەر لە كاتی پشووی هاوینەدا نەبووبێت تایبەت هەڵگوورد، سەرباری ئەمانەش هەردوو براكە توانیوویانە خۆیان پێشبخەن و تاڕادەیەكی زۆریش سەركەوتووانە خۆیان لەنێو بواری وەرزش ببیننەوەو بگەن بە هەڵبژاردەی یەكەمی عێراقیش.

لە دیمانەیەكی تایبەتی ڕۆژنامەی هەولێردا لە بارەی ژیانی وەرزشییەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی (هەڵگوورد) كرد و ئەمیش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە.
ئەمەش دەقی دیمانەكەیە:

• دەستپێكی ژیانی وەرزشیت چۆن بوو؟
– لە سەرەتاوە باوكم نەیدەهێشت وەرزش بكەین لەو پێناوەی تا گرینگی بە خوێندنەكەمان بدەین مەگەر لەكاتی پشووەكان، بەڵام كاتێك هاوار بوو بە یاریزانێكی ناسراو و ناوبانگی دەركرد ئیتر ئەوەش ڕێگە خۆشكەر بوو بۆ من تا زیاتر خۆم لەو بوارە ببینمەوە، بەڵام لە قۆناخی چواری ئامادەیی هەر لەبەر وەرزش وازم لە خوێندن هێنا.
• سەرەتا لە كوێ دەستت پێكرد؟
– سەرەتا لە لاوانی یانەی موسڵ و دوایی هەر لەوێ چوومە تازەپێگەیشتووانی هەڵبژاردەی عێراق لە ساڵی 2004 ـ 2005 لە پاڵەوانیەتییەك لە وڵاتی ژاپۆن بەشداربووم.

• ئەو یانانەی یاریت بۆ كردوون لە كامیان ئاسوودەتر بوویت؟
– دەستپێك لە لاوانی موسڵ و دواتر بۆ سلێمانی و تەڵەبە، پاشان حەوت ساڵی یاریكردتن لە یانەی هەولێر تێپەركرد، بۆیە زیاتر لە یانەی هەولێر ئاسوودەتر بووم، چونكە هەڵگورد لەوێ ناسرا بەهۆی خولی عێراق و پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوە، دواتر ڕوومكردە یانەی نەوتی ناوەڕاست كە ئەمەش ئەزموونێكی سەركەوتوو بوو بۆم دواتریش ڕوومكردە بەغدا و بۆ یانەی قوەجەویە یاریم كرد، ئەگەرچی پێموابوو ئەزموونێكی سەركەوتووم نەبوو لەگەڵ ئەو یانەیە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە ئەوەی لەگەڵ یانەی هەولێر نەمتوانیبوو بەدەستیبێنم توانیم لەگەڵ یانەی جەویە بەدەستیبێنم و ببینە پاڵەوانی جامی یەكیەتیی یانەكانی ئاسیا، سەرباری هەموو ئەمانە لە یانەی هەولێر زۆر ئاسوودە و بەختەوەر بووم.


• یانە هەبووە حەزت كردبێت یاری بۆ بكەیت نەتتوانیبێت؟

– بێگومان حەزمكردووە لە دەرەوە یاری بكەم و یەك دوو بۆندیشم بۆ هات، ئەوكات لە یانەی هەولێر بووم، بەڵام كارگێڕی یانە قبوڵیان نەكرد و ڕەتیان كردەوە، ئەگینا حەزم دەكرد بچم لە خولی قوبرسی یاری بكەم، چونكە بۆندەكانم لەوێ بۆ هاتبوو.

• لە هیچ یاریزانێكی ڕكابەرت ترساوی؟
– نەخێر، هەمیشە ڕێزی ڕكابەرەكانم گرتووە.
• لەگەڵ كام یاریزانی هاویانەت زۆر ئاسوودە بوویتە لە یاریدا؟
– ئەو كاتەی لە یانەی هەولێر بووم زۆر لەگەڵ (سەعد عەبدولئەمیر) ئاسوودە بووم هەروەها لەگەڵ (ساڵح سەدیر).

• چ یادگارییەكی خۆشت لە ژیانی وەرزشیت هەیە لە بیرت نەكردبێت؟
– وەرزی (2012 ـ 2013) لەگەڵ یانەی هەولێر بەر لە (6) گەڕ لە بەكۆتاهاتنی خولەكە توانیمان ناسناوی خولی عێراق بۆ خۆمان یەكلابكەینەوە، یاریكردنیشم لە یانەی سلێمانی كاتێكی خۆشبوو، هەروەها بەدەستهێنانی جامی یەكیەتیی یانەكانی ئاسیا لەگەڵ یانەی جەویە یادگارییەكی جوان بوو.

• یادگاری ناخۆشیت هەبووە لە كاروانی وەرزشیتدا؟
– پارساڵ كە تووشی پێكان بووم، ئەمەش تاڕادەیەك كاریگەری لەسەر ئاستم كرد.
• كام یارییە لە كاروانی وەرزشی (هەڵگوورد) ـدا هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە؟

– لە ساڵی 2008 یارییەكی دۆستانە بوو لەنێوان هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی ئیماڕات بەر لە پاڵەوانیەتیی كەنداو ئاستێكی بەرزم پێشكەش كرد، هەروەها یارییەك لەگەڵ یانەی هەولێر لە جامی یەكیەتیی یانەكانی ئاسیا لە بەرامبەر یانەی كلینتانی مالیزی لە ناوەڕاستی یاریگە گۆڵێكم تۆماركرد.

• كام ڕاهێنەڕ ڕۆڵی هەبووە لە گەیاندنی تۆ بەم ئاستە؟
– ژمارەی ڕاهێنرەكان زۆرن كە لەژێر سەرپەرشتیان یاریم كردووە لێرەوە سوپاسی هەموویان دەكەم و سەرجەمیان خاوەن فەزڵ و چاكەن لەسەرم.

• جیاوازی نێوان خولی كوردستان و خولی عێراق لەچی دەبینیت؟
– جیاوازی خولی كوردستان و عێراق تەنیا لەوە دەبینم پاڵەوانی خولی عێراق بەشداری پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوە دەكات و ژمارەی یانەكانیشیان زیاترە، چونكە خولێكی سەرتاسەرییە، ڕاستی زۆر بە داهاتووی وەرزشی كوردستان گەشبینم، بەڵام بەو مەرجەی پاڵپشتی بكرێت لەلایەن حكومەتەوە لە دروستكردنی یاریگە و دابینكردنی پێداویستیە وەرزشییەكان.

• ئەی بەبۆچوونی تۆ جیاوازی نێوان یاریزانی كورد و عەرەب چییە؟
– جیاوازییەكە كەم هەیە، غیرەتی یاریزانی كورد زیاترە، بەڵام یاریزانی عەرەب زیاتر چاوی لە پێشكەوتنە، ڕەنگە بارودۆخەكەش ئەم ژینگەیەی بۆ یاریزانی كورد دروست كردبێت كە هەر چاوی لە خولی كوردستان بێت، بەڵام دەبێت ئارەزوویان زیاتر بێت چونكە هیچیان لە یاریزانی نەتەوەكانی تر كەمتر نیە، لەگەڵ ڕێزم بۆ هەردوولا.

• یاریزانی كورد تا چەند لە هەڵبژاردە جیاوازەكانی عێراق دژایەتی دەكرێت؟
– ئەوەندەی من لە هەڵبژاردەی عێراق یاریم كردبێت، هەرگیز هەستم بەم بابەتە نەكردووە.
• بۆ خولی عێراقت جێهێشت؟

– تا ئەم كاتەش لە چەند یانەیەكی خولی عێراق بۆندم بۆ هاتووە، بەڵام ویستم كەمێك پشوو بەخۆم بدەم.
• بیرت لە وازهێنان كردۆتەوە؟
– نا هەرگیز، سوپاس بۆ خوا تا ئێستە توانام ماوە، هەركاتێك زانیم توانای یاریكردنم نەماوەو مافی یاری و یانەكەم نادەم وازدەهێنم.
• چ كاتێك بۆ وازهێنانی یاریزان لە یاری بە گونجاو دەزانی؟

– پێموایە (35) ساڵ كاتێكی گونجاوە.
• پلانت بۆ داهاتوو چییە؟
– ئەگەرچی جارێ زووە بۆ ئەو بابەتە، بەس دڵنیام لەبەر ئەوەی كارمان وەرزشە و لە داهاتوودا بەو كارانە دەگەین جا چ قوتابخانەی تۆپی پێ بێت یا بوون بە كارگێڕی، بەڵام بیرۆكەم ئەوەیە لە دەرەوە و ئەوروپا ئەزموونێكی باڵا لە ڕاهێنەرایەتی وەرگرم.

• بە هاتنت بۆ یانەی برایەتی دەتوانیت چی بۆ ئەو یانەیە بكەیت؟
– ڕاستی هەڵگوورد دارێكی جادووی بەدەستەوە نییە هەموو شتێك بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لە توانام بێت بۆ ئەو یانەیە پێشكەشی دەكەم.
• خۆت بە قەرزاری كێ دەزانیت؟

– برا گەورەم (گۆهدار) هەموو شتی بۆ من كردووە.
• وەرزشی كوردستان چۆن دەبینیت؟

– بێگومان لە ئاستێكی باشدایە و ئەو ماوەی بینیم زۆر پێشكەوتووە، بەڵام زیاتری پێویستە، بۆ ئەمەش دەبێت حكومەت و لایەن پەیوەندیدارەكان یارمەتیدەر بن.

•دوا وتەت؟
– وێڕای دەستخۆشیم بۆ تۆ و ڕۆژنامەكەتان، هیوای كوردستانێكی ئارام بۆ هەموو لایەك دەخوازم

ئومێد ئیبراهیم – هەولێر

Leave a Reply