KFA- له‌ خولى نایابى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر له‌سه‌ر یاریگاى خۆى و له‌به‌رده‌م هانده‌رانى به‌ ئه‌نجامێكى گه‌وره‌ (3-0) گۆڵ له‌ هه‌ولێرى برده‌وه‌ و پلێتى چوارگۆشه‌ى زێرینى خوله‌كه‌ى به‌ده‌ستهێنا.
له‌میانى یارییه‌كانى دوا گه‌ڕى خولى نایابى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ یارییه‌كى گرنگ و چاره‌نووسسازدا یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر له‌سه‌ر یاریگاى خۆى له‌ پیرمام و له‌به‌رده‌م هانده‌رانى یانه‌كه‌ى و له‌ كه‌شێكى به‌هاریدا میوانداریى یانه‌ى هه‌ولێرى كرد.
له‌ تایمى یه‌كه‌مى یارییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ فیكه‌ى ناوبژیوانى یارییه‌كه‌ كوردستان زاهیر هه‌ردوو یانه‌ به‌ وریاییه‌كى زۆره‌وه‌ هاتنه‌ نێو یاریگا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌ تامى سه‌ركه‌وتن له‌ یاریگا بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ خوله‌كى 2ى یارییه‌كه‌ داناعوسمان هه‌ر زوو به‌ختى خۆى به‌ لێدانێك تاقى كرده‌وه‌ به‌ڵام نه‌یتوانى سوود به‌ یانه‌ى هه‌ولێر بگه‌ینێ ، به‌ڵام یاریزانانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ به‌ پلانه‌كانى سه‌میر بابۆى ڕاهێنه‌ر هه‌ر زوو وه‌ڵامى هێرشه‌كه‌ى هه‌ولێریاندایه‌وه‌ له‌ رێگاى یاریزان فه‌رهه‌نگ وریا له‌ خوله‌كى 3 و دواتریش یه‌ك خوله‌ك دواى ئه‌و، عه‌بدوللا سه‌ربه‌ست هه‌لێكى ئاسانى له‌ كیس دا و هێرشه‌كانى كوڕانى بابۆ به‌رده‌وام بوو، نیازى ئه‌وه‌یان هه‌بوو هه‌رچى نه‌بێت بتوانن گۆلێك به‌ خێرایی تۆماربكه‌ن.
له‌ خوله‌كى 7ى یارییه‌كه‌ جارێكى تر گۆران عیماد لێدانێكى ئاراسته‌ى گۆڵى رێباز عه‌بدوللا كرد، به‌ڵام بێ سوود بوو، له‌ خوله‌كى 11ى یارییه‌كه‌ جارێكى تر هه‌ولێرییه‌كان هێرشیان برده‌ سه‌ر گۆڵى كاوه‌ ئه‌حمه‌دى گۆڵچى له‌لایه‌ن به‌لێن وشیار له‌ خوله‌كى 11ى یارییه‌كه‌ لێدانێكى به‌هێزى له‌ ناو هێلى سزا ئاڕاسته‌ى گۆڵ كردو كاوه‌ حه‌سۆى گۆڵچیش به‌ ئازایانه‌ تۆپه‌كه‌ى دوورخسته‌وه‌ هه‌ر یه‌ك خوله‌ك دواى ئه‌مه‌ جارێكى تر به‌لێن هه‌لێكى ئاسانى گۆڵ كردنى له‌ كیس دا كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ تۆماركردنى گۆڵ نزیك بوو، له‌ دواى ئه‌م زنجیره‌ هێرشه‌ یاریزانانى هه‌ردوو تیپ هه‌وڵى كۆنترۆڵ كردنى تۆپیان ده‌دا له‌ ناوه‌ڕاستى یاریگا ، یاریزانانى هه‌ردوو تیپیش به‌ توندى یارییان ده‌كرد چونكه‌ یارییه‌كه‌ گرنگى زۆرى هه‌بوو بۆ هه‌ردوو تیپ بۆدیارى كردنى چاره‌نووسیان له‌ یارییه‌كه‌ ، له‌ خوله‌كى 18ى یارییه‌كه‌ گۆران عیماد جارێكى تر به‌ختى خۆى به‌ لێدانێك تاقى كرده‌وه‌ به‌ڵام سوودى نابوو تاكو خوله‌كى 26ى یارییه‌كه‌ كاتێك ڕه‌وا یوسفى یاریزانى لاوى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ تۆپێكى به‌ ته‌نیا بردو به‌ لێدانێكى به‌هێز له‌ ده‌ره‌وه‌ى سزا به‌ختى خۆى تاقى كرده‌وه‌ به‌ر ستوون كه‌وت و عه‌بدوللا سه‌ربه‌ستى هێرشبه‌رى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى تۆپه‌كه‌ى ته‌واو كردو گۆڵى یه‌كه‌مى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێرى تۆماركرد، له‌ دواى ئه‌م گۆڵه‌ش یاریزانانى هه‌ولێر په‌له‌ى گۆڵ یه‌كسان بوونه‌وه‌یان بوو، له‌به‌رامبه‌ریشدا یاریزانانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ هه‌وڵى سارد كردنه‌وه‌ى یارییه‌كه‌یان ده‌دا چونكه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ له‌ سودى ئه‌وان بوو، تا خوله‌كى 35ى یارییه‌كه‌ عامر فازل لێدانێكى ئاراسته‌ى گۆڵ كردو رێباز عه‌بدوللا كۆنترۆڵى كرد و ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر له‌ خوله‌كى 37ى یارییه‌كه‌ وه‌ڵامى هێرشه‌كه‌ى دایه‌وه‌ و كاوه‌ش كۆنترۆڵى تۆپه‌كه‌ى كرد، هه‌ولێرییه‌كان به‌ وردى چاودێرى تۆپیان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن به‌دواى گۆڵى یه‌كسان بوون ده‌گه‌ڕان له‌ خوله‌كى 44ى یارییه‌كه‌ فه‌رهه‌نگ وریا لێدانێكى به‌هێزى ئاڕاسته‌ى گۆڵى هه‌ولێر كرد، به‌ڵام نه‌یتوانى ئامانجه‌كه‌ى بپێكێ و له‌ خوله‌كى 1ى زیادكراوی بەفیڕۆچووشدا عامر فازل سوودى له‌ تۆپێك وه‌رگرت و گۆڵى دووه‌مى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر تۆماركرد و ئه‌م تایمه‌ یارییه‌كه‌ به‌ سوودى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر كۆتایى به‌ ئه‌نجامى(2-0)گۆڵ.
له‌ تایمى دووه‌مى یارییه‌كه‌ سه‌میربابۆ به‌ ئامانجى پاڕاستنى ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ و یوسف كاكێیش به‌ هیواى ڕاست كردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ یاریزانانیان نارده‌ نێو یاریگا، یاریزانانى هه‌ولێر په‌له‌ى تۆماركردنى گۆڵیان بوو و هه‌ندێك جاریش به‌ توندى یارییان ده‌كرد له‌ دژى یاریزانانى پێشمه‌رگه‌ هانده‌رانیشیان داواى ئه‌نجامیان ده‌كرد له‌سه‌ر په‌یژه‌كان ، له‌ خوله‌كى 48ى یارییه‌كه‌ هۆگر حوسێن لێدانێكى سه‌رى ئاڕاسته‌ى گۆڵى پێشمه‌رگه‌ كردو بێسوود بوو،خوله‌ك دواى ئه‌وه‌ دڵدار خدر تۆپێكى له‌ نێو هێلى سزاى پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ستداو هێرشه‌كانى هه‌ولێر به‌رده‌وام بوو بۆ سه‌ر گۆڵى پێشمه‌رگه‌ و له‌ خوله‌كه‌كانى 51و54ى یارییه‌كه‌ گۆڕان ناسیح و دانا عوسمان دوو هه‌ڵیان له‌ كیسدا له‌ یارییه‌كه‌ و تاڕاده‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌كان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردبوو، له‌ خوله‌كى 57ى یارییه‌كه‌ بارزان حه‌یده‌ر به‌ لێدانێك وه‌ڵامى هێرشه‌كانى هه‌ولێرى دایه‌وه‌، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوو، له‌ خوله‌كى 61ى یارییه‌كه‌ش به‌ هۆى توندى یارى كردنى هۆگر حوسێن دواى وه‌رگرتنى كارتى دووه‌مى له‌لایه‌ن كوردستان زاهێر به‌ كارتى سوورد كرایه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی لێ بووه‌ له‌لایه‌ن یاریزانى ناوبراو ئه‌ركى هه‌ولێرییه‌كانى قورستر كرد، بۆیه‌ یاریزانانى پێشمه‌رگه‌ تاڕاده‌یه‌ك ده‌یانویست كه‌شى یارییه‌كه‌ ئارام بكه‌نه‌وه‌ چونكه‌ یاریزانانى هه‌ولێر تاڕاده‌یه‌ك هه‌ڵچوونیان پێوه‌ دیاربوو هه‌رچه‌نده‌ ڕاهێنه‌رانى هه‌ردوو تیپیش چه‌ند گۆڕانكارییه‌كیان له‌ ریزى پێكهاته‌ى تیپه‌كانیان كرد بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى یارییه‌كه‌ بگۆڕن و پێشمه‌رگه‌ میران خەسرەوی هێنایه‌ نێو یاریگا بۆ ئه‌وه‌ى هێلى ناوه‌ڕاست زیاتر كۆنترۆڵ بكات و تاڕاده‌یه‌كیش سه‌ركه‌وتوو بوو له‌خوله‌كى 69ى یارییه‌كه‌ دانا عوسمان جارێكى تر به‌ختى خۆى تاقى كرده‌وه‌ به‌ڵام كاوه‌ ئازایانه‌ به‌رگرى له‌ گۆڵه‌ى ده‌كرد، له‌ خوله‌كى 71 ره‌وا یوسف له‌ هه‌ولێكى تاكى خۆى تاقى كرده‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و له‌ خوله‌كى 73ى یارییه‌كه‌ جارێكى تر عه‌بدوللا سه‌ربه‌ست هاته‌وه‌ نێو هێلى سزا و گۆڵى دووه‌مى خۆى و سێ یه‌مى تیپه‌كه‌ى تۆماركرد و كۆتایی به‌ كه‌رنه‌ڤاڵى تۆماركردنى گۆڵ هێنا بۆ یانه‌كه‌ى ، هه‌ولێرییه‌كانیش هه‌ر نه‌ده‌وه‌ستان و هێرشیان ده‌برد له‌ خوله‌كه‌كانى (81-86-89)هره‌یه‌ك له‌ یاریزانان داناعوسمان و رێڤان ئه‌حمه‌د چه‌ند هه‌لێكیان له‌ كیس دا و له‌ خوله‌كى 90ى یارییه‌كه‌ش دانا عوسمان تۆپێكى له‌ ستونى گۆڵى پێشمه‌رگه‌ دا، له‌به‌رامبه‌ریشدا ره‌وا یوسف و بیلال یوسف ته‌نیا دوو هێرشیان برده‌ سه‌رگۆڵى هه‌ولێر له‌ خوله‌كه‌كانى (82-92)ى یارییه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامه‌ش یارییه‌كه‌ به‌ سوودى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر به‌ ئه‌نجامى(3-0)گۆڵ به‌ كۆتایى هات و پێشمه‌رگه‌ى به‌فه‌رمى وه‌كو نوێنه‌رایه‌تى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ چوار گۆشه‌ى زێرین كێبركێ یانه‌كانى ترى خوله‌كه‌ ده‌كات له‌ یارییه‌كه‌ش ناوبژیوانى یارییه‌كه‌ 6كارتى زه‌رد و یه‌ك كارتى سورى به‌ ڕووى یاریزانانى هه‌ردوو تیپ دا به‌رزكرده‌وه‌.

پیرمام – كارزان كانه‌بى

Leave a Reply