‎KFA- عەدنان رەحیم یەکێک لەو ئەستێرە دیارانەیە کە ‎ ئەمساڵ لە خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستاندا ئاستێکی زۆر باشی لەگەل یانەی شێروانە پێشکەش کردووە و تا ئێستا لەگەڵ یانەکەی ئەنجامێکی باشیان تۆمار کردووە و گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
‎عەدنان لەگەل یانەکەیدا ئەمساڵ لە ھەموو یارییەکان بەشدار بووە ھاوکاری یانەکەی و ھاورێیه‌کانی کردووە لە ئەنجامە باشەکاندا.
‎عەدنان ره‌حیمی ‎ناوه‌ڕاستكاره‌ لاوه‌كه‌ی یانه‌ی شێروانه‌ هۆكاری ئاستبەرزی ئەمساڵی، بۆ ئاسوودەیی لە یانەکە و پالپشتی ھاندەران و ھاوکاری یاریزانەكانی دەگەرێنیتەوە، عه‌دنان دەڵێت: ھەموومان به‌یه‌كه‌وه‌ وەکو خێزانێک ھاوکاری یه‌كمان کردووە، هه‌ڵبه‌ت کاروان حه‌مەساڵحی راھێنەری یانەکەش کاریگەریی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پێشخستنی ئاستی من هه‌بووه‌. ‎
ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر پشتگیری عه‌دنانیان كردووه‌ كێن؟ ‎له‌ وەڵامدا دەڵێت: ئاشکرایە من پێشتر لە تیپی میللی راپەرین کە نزیکەی ١٠ ساڵ یارییم بۆ ئەو تیپە كردووه‌، ھەردوو راھێنەر یاسین حوسێن و موحسین عەبدولکەریم رۆڵی سەرەکیان لە پێگەیاندنی من هه‌بووه‌، ئه‌و ئاسته‌ی من ئێستا له‌ یانه‌ی شێروانه‌ پێشكه‌شی ده‌كه‌م به‌رهه‌می ئه‌م دوو راهێنه‌ره‌یه‌. ‎
ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ی عه‌دنان چییه‌؟ ‎لە ئێستادا ئامانجی من هاوشێوه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانی شێروانه‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی کوردستانە، کە خه‌ونی هه‌موومانه‌، ئامانجێكی دیكه‌م یاریكردنه‌ له‌ خولی عێراقدا.
‎به‌كام یاریزانی كوردستان و جیهان سه‌رسامه‌؟ ‌‌عەدنان ئاشکرای دەکات، كه‌ له‌ كوردستان به‌ هونه‌ر ئه‌حمه‌دی یاریزانی شارەکەی، کە ئێستا لە یانەی برایەتییە سه‌رسامه‌، ده‌شڵێت: له‌ جیهاندا به‌ ئاستی یاریزانی یانه‌ی بارسێلۆنا ئا‌ندرێس ئینیێستا سه‌رسامم. ‎
تۆ بڵێی خۆشترین کاتی عه‌دنان چی بێت‌؟ ئەو باسی دەکات: به‌شداریكردنم له‌ خولی نایابی كوردستانی ئه‌م وەرزە، به‌ خۆشترین ساتی وه‌رزشیم ده‌زانێت.
له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: دڵخۆشم بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداری له‌ خولی نایاب ده‌كه‌م، هه‌ست به‌ شانازیش ده‌كه‌م یەکەم گۆڵی خۆم لە خولەكه‌ لەسەر یانەی کەرکووک تۆمار کردووە. ‎
سەبارەت بە ناخۆشترین ساته‌كانیشی، ئاشكرای ده‌كات و دەڵێت: له‌ ساڵی ٢٠١٣ سه‌رده‌مێكی ناخۆشم تێپه‌ڕكرد، كاتێك تووشی پێکانێکی سەخت بووم.

دیمانە – دانا لەتیف – کەلار

Leave a Reply