KFA-ئەمرۆ سێشەممە لە شاری بەغداد شاندی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەسەرۆكایەتی (سەفین كانەبی) و بە یاوەری (هادی كەریم) جێگری سەرۆك و سیروان نجەمەدین و تەڵعەت سەعدوڵڵا (ئەندام) و (عەدنان عەبدولرەحمان) ئەمینداری دارایی كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەسەرۆكایەتی عەبدولخالق مەسعود و ئامادەبوونی گشت ئەندامانی یەكێتیەكە ئەنجامدا.

لەم كۆبوونەوەیە چەندین تەوەری گرنگ تایبەت بەهەردوو یەكێتیەكە تاوتێوكرا و یەكێتی تۆپی پێی كوردستان نووسراوێكی فەرمی خستە بەردەم یەكێتی تۆپی پێی عێراق، كە تیاییدا چەند داواكارییەكی ئاراستە كردوون.

داواكارییەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان خۆی لە 6 خاڵ دەگرێتەوە بەمشێوەی خوارەوە:

1- كاركردن لەسەر پێدانی هەل بۆ پاڵەوانی خولی نایابی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە یەكێك لە پاڵەوانێتیە فەرمییەكانی دەرەوە لەسەر ئاستی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی.

2- رێكەوتن و پەیوەندیكردن بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەكاتی دەستنیشانكردنی راهێنەرەكانی كوردستان، كە تۆماركراون لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەكاتی بەشداریكردن لە خولەكانی دەرەوەی عێراق یان دەستنیشانكردنی راهێنەرەكانی هەڵبژاردەكانی عێراق.

3- رێكەوتن و پەیوەندیكردن بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەكاتی دەستنیشانكردنی ناوبژیوانانی تۆماركراو بەفەرمی لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە و پێدانی هەلی بەشداریكردن.

4- رێكەوتن و هاوكاری كردن بەشێوەیەكی فەرمی لە لایەن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەمەبەستی پالێوراوكردنی یاریزانانی بەشداربوو لە خولی نایابی كوردستان بۆ یاریكردن لە هەڵبژاردەی عێراق.

5- دابینكردنی بودجەیەكی ساڵانە بۆ یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە بودجەی ساڵانەی گشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق، بەمەبەستی رێكخستن خول و پاڵەوانێتی و خولی راهێنەرایەتی و ناوبژیوانی تایبەت بە كوردستان.

6- یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەشێوەیەكی فەرمی رەزامەندی نیشانبدات بۆ ئاراستەكردنی نووسراوێكی فەرمی بۆ یەكێتی تۆپی پێی نێودەولەتی (فیفا) بەمەبەستی داناپێدانان بەشێوەیەكی فەرمی بەخولی نایابی كوردستان تاوەكو لە چاڵاكییەكانی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دابندرێت.

یەكێتی تۆپی پێی عێراق بۆچوونی سەبارەت بە خاڵەكانی باش بوو و بریاریان داوە لە دوو رۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی فەرمی یەكێتیەكە ئەنجام بدرێت و تاوتیۆی داواكارییەكان بكرێت و بەنووسراوێكی فەرمی وڵامی داواكارییەكان بدرێتەوە.

Leave a Reply