KFA- لە یاری لوتكە و دێربی گەرمیاندا ، هەردوو یانەی كەركوكی خاوەن یاریگا و شێروانەی میوانی بەرەنگاری یەكتربونەوە ، بەر لەو یارییە هەردوو تیپ خانەكانی یەكەم و دوەمی گروپی دوەمیان گرتبوو ، یانەی شێروانە بۆ دوو مەبەست ڕووی كردبوە شاری كەركوك ، یەكەمیان تۆڵەكردنەوەو قەرەبووكردنەوەی یاری چوون بوو ، دوەمیش بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكە و زامنكردنی یەكێك لە بلیتەكانی گروپەكەی بوو ، بۆ چوار گۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان.

لەتایمی یەكەمی یارییەكەدا ، یاریزانانی یانەی كەركوك زۆر بەبەهێزی دەركەوتن و گوشارێكی زۆریان لەسەر هێڵی بەرگری یانەی شێروانە دروست كرد ، محەمەد سامی لای راستی یاریگاوە بەتەواوی بەرگریكارانی یانەی میوانی شڵەژاندبوو ، بە ئارەزووی خۆی لە نێۆ هێڵی بەرگری یانەی شێروانە جوڵەی دەكرد ، هەر ئەو یاریزانەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی لە 10 دەقیقەی یەكەمی یارییەكەدا یانەی كەركوك لە رێگای بەرهەم بەهادینەوە گۆڵی پێشكەوتن تۆماربكات ، كاتێك بە لێدانێكی جوانی سەر تۆڕی گۆڵی یانەی شێروانەی هەژاند .
دوای تۆماركردنی ئەو گۆڵەش یانەی كەركوك بەردەوام بوو لەسەر هێرش بردن بەڵام بەهۆی پەلەپەلی یاریزانانەوە نەیتوانی گۆڵی دوەم تۆماربكات .

لە تایمی دوەمی دیدارەكەدا ، یانەی شێروانە بە گوڕوتینێكی نوێوە دەركەوت و گوشارێكی زۆری لە ناوچەی سزای یانەی كەركوك دروست كرد بەڵام تۆكمەیی هێڵی بەرگری و دیار جومعەی گۆڵپارێز رێگر بوو لەوەی گۆڵی یەكسانبونەوە تۆماربكەن ، سەرەنجامیش یارییەكەش بە گۆلێكی بێ وەڵام بەسودی یانەی كەركوك كۆتایی هات .

ئاكۆ بیبانی
فۆتۆ – ئیبراهیم یەشار

Leave a Reply