KFA- لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان و لە شارۆچكەی پیرمام هەر دوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆك بەیەك گەیشتن و پێشمەرگەی هەولێر بە دوو گۆڵی بێ‌ بەرانبەر یارییەكەی بردەوە، بە سود وەرگرتنیش لە ئەنجامی یارییەكانی تر هاتە پلەی دووەمی كۆمەڵەی یەكەم و تۆڵەی خۆیشی لە دهۆك كردەوە كە لە قۆناغی یەكەم پێی دۆڕا بوو.

بە درێژای هەر دوو نیوەی یارییەكە هەردوو یانە بە ئاستێكی بەرز دەركەوتن، یارییەكەیش لە ئاستێكی هونەری بەرزدا بوو، لە دەستپێكدا پێشمەرگەی هەولێر بە فشار دەستی پێكرد و لە خولەكی 7 (فەرهەنگ وریا) تۆپێكی نارد بۆ ناو هێڵی سزای تیپی میوان و (عەبدوڵا سەربەست)ـی هێرشبەریش بە لێدانی سەر گۆڵی یەكەمی بۆ پێشمەرگە تۆمار كرد، دواتر دهۆكیەكان گەڕانەوە ناو كەش و هەوای یارییەكە و لە ڕێگەی (نێچیرڤان و شكوری و جۆنیۆر كۆنستانت)ـی پیشەگەر چەند جارێك مەترسیان خستە سەر گۆڵی (كاوە حەسۆ)ـی گۆڵپارێز، پێشمەرگە بە پاڵپشتی (میران خەسرۆ و تاڵب ڕەقیب) باڵا دەستی بە سەر هێڵی ناوەڕاستی یاریگەدا گرتبوو، لەو لەیشەوە یانەی دهۆك بۆ یەكسان كردنەوەی ئەنجامی یارییەكە لە هەوڵەكانی بەردەوام بوو لە خولەكی 32 (وەلید سەلمان)ـی یاریزانی دهۆك كە یەكێكە لە گۆڵكارەكانی ئەم وەرزەی خولەكە لێدانێكی ئاڕاستەی گۆڵی پێشمەرگە كرد و (كاوە حەسۆ)ـی گۆڵپارێز بە زەحمەت تۆپەكەی دور خستەوە، نیوەی یەكەمیش بە پێشكەوتنی پێشمەرگە بە گۆڵێك تەواو بوو.

لە گەڵ دەستپێكی نیوەی دووەمدا ئاستی یارییەكە تا ڕادەیەك هاتە خوارەوە، هەردوو یانە زیاتر بە شێوەیەی بەرگری یارییان دەكرد ئەمە تا خولەكی 60 بەردەوام بوو، دواتر یانەی دهۆك بۆ ڕاستكردنەوەی ئەنجامی یارییەكە دەستی كردەوە بە فشار و لە خولەكی 63 (وەلید سەلمان) هەلێكی ئاسانی لەدەستدا كاتێك لە گەڵ گۆڵپارێزی پێشمەرگە مایەوەو تۆپەكەی بە سەر ستوندا خستە دەرەوە، (جۆنیۆر كۆستانت)ـی پیشەگەریش كە لە یارییەكەدا بە ئاستێكی بەرز دەركەوت چەند جارێك لە ناوچەی سزای پێشمەرگە دەرفەتی گۆڵی یەكسانی بۆ ڕەخسا سەر ئێشەی بۆ تیپی خانە خوێ‌ دروستكرد بوو، بەڵام سەرجەم هێرشەكانی دهۆك لە لایەن هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی پێشمەرگەوە دور دەخرانەوە، لە خولەكی 69 (میران كەریم) بە لێدانێكی سەری جوان گۆڵی دووەمی بۆ پێشمەرگە زیاد كرد و خۆشی خستە ناو ستافی ڕاهێنەران و یاریزانانی پێشمەرگە، دوای گۆڵی دووەمیش یانەی دهۆك لە ڕاستكردنەوەی ئەنجامی یارییەكە بێ‌ هیوا نەبوو لە فشارەكانی بۆ سەر گۆڵی پێشمەرگە بەردەوام بوو، بەڵام سەرجەم هەوڵەكانی دهۆك بێ‌ سوود بوون و دواجار یارییەكە بە دوو گۆڵی بێ‌ بەرانبەر لە سودی پێشمەرگە تەواو بوو، كە بەهۆیەوە بە كۆكردنەوەی 13 خاڵ هاتە خانەی دووەم و دهۆكیش بە 9 خاڵ لە خانەی شەشەم مایەوە.

پیرمام – هێمن ئەسكەندەر

فۆتۆ- پشتیوان ڕەشید

Leave a Reply