KFA- له‌ یاریی دێربیی هه‌ولێردا،  یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا له‌ یانه‌ی برایه‌تی برده‌وه‌ و پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌می له‌ نه‌ورۆز وه‌رگرت.

ناوبژیوانان: سه‌باح حه‌مه‌ڕه‌زا، ئه‌میر داوود ، عه‌لی ئیسماعیل، محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌زاق

پێكهاته‌ی برایه‌تی : هه‌ورامان رزگار (گۆڵپارێز)، سه‌لام ئه‌حمه‌د، ده‌ریا عومه‌ر، كرمانج قادر، به‌مۆ غه‌ریب (هێڵی به‌رگری)، وریا كامه‌ران ، مازن عه‌زیز، عومه‌ر عومه‌ر، سه‌فین مه‌نسوور ( هێڵی ناوه‌ڕاست)، عه‌بدوڵڵا خه‌لیل، حه‌مید ئیسماعیل (هێڵی هێرشبه‌ر).

پێكهاته‌ى هه‌ولێر: دیدار حامید (گۆڵپارێز)، سانی عه‌زیز، دڵدار خدر، گۆران ناسیح، یوسف سه‌ركه‌وت، (هێڵی به‌رگری)، هۆگر خوسێن، ریڤان ئه‌حمه‌د، سیروان خدر، ئه‌حمه‌د سه‌رتیپ (هێڵی ناوه‌ڕاست)، دانا عوسمان، به‌ڵێن وشیار (هێڵی هێرشبه‌ر).

 له‌میانی یارییه‌كانی هه‌فته‌ى ده‌یه‌می خولى نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ یاریگه‌ی یانه‌ى برایه‌تی ، هه‌ردوو یانه‌ى برایه‌تی و هه‌ولێر به‌یه‌كگه‌یشتن، یارییه‌كه‌ به‌فیكه‌ى ناوبژیوانی ناوه‌راست سه‌باح حه‌مه‌ڕه‌زا ده‌ستیپێكرد، سه‌ره‌تای یارییه‌كه‌ هه‌ردوولا له‌ ناوه‌ڕاستی یاریگه‌ یارییان ده‌كرد و هه‌ردوولا پارێزگارییان له‌ گۆڵه‌كه‌یان ده‌كرد، كه‌ گۆڵیان لێ تۆمار نه‌كرێت، له‌ خوله‌كی 18دا  له‌ هێرشێكی تیپی خاوه‌ن یاریگه‌دا، یاریزان عه‌بدوڵڵا خه‌لیل توانی شوتێكی به‌هێز له‌دووری سزا ئاراسته‌ى ناو گۆڵی یانه‌ى هه‌ولێر  بكات، به‌ڵام دیدار حامیدی گۆڵپاریزی هه‌ولێر  تۆپه‌كه‌ی له‌ گۆڵ دوورخسته‌وه‌.

 هه‌ر له‌ درێژه‌ى هێرشه‌كانیاندا هه‌ردوو هێرشبه‌رانی یانه‌ى برایه‌تی حه‌مید ئیسماعیل  و عه‌بدوڵڵا خه‌لیل چه‌ندین جار له‌ناو هێڵی سزا هه‌ڵی ئاسانیان بۆ ده‌ره‌خسا، به‌ڵام به‌ هۆی په‌له‌كردنیان نه‌یانده‌توانی ئامانجه‌كانیان بپێكن، له‌ به‌رانبه‌ردا یاریزانانی یانه‌ى هه‌ولێرش هێرشی پێچه‌وانه‌یان ده‌برده‌ سه‌ر گۆڵی تیپی خاوه‌ن یاریگه‌، به‌ڵام كه‌مئه‌زموونی و لێكتێنه‌گه‌یشتنی یاریزانی هێڵی هێرشبه‌ر نه‌یانده‌توانی  به‌شێوه‌یه‌كی راست و دروست بگه‌نه‌ ناو هێڵی سزای یانه‌ى برایه‌تی مه‌ترسی له‌سه‌ر گۆڵی ئه‌وان دروست بكه‌ن،  به‌ڵام له‌خوله‌كی 38 دا  سه‌رپه‌رشتیاری تیپی تۆپی پێی هه‌ولێر (محه‌مه‌د خوشناو) به‌ هۆی ره‌خنه‌گرتنی له‌ ئاستی ناوبژیوانی یارییه‌كه‌، بِریاری دوورخستنه‌وه‌ى درا، به‌ڵام سه‌رپه‌رشتیاری تیپی یانه‌ى هه‌ولێر ئاماده‌نه‌بوو بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی  یاریگه‌، ناچار ناوبژیوان بۆ ماوه‌ی 3 خوله‌ك  یارییه‌كی راگرت و پاشان ناوبراو یاریگه‌ی جێهیشت و یارییه‌كه‌ دووباره‌  ده‌ستیپێكرده‌وه‌، تا كۆتایی گێمی یه‌كه‌م ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ به‌یه‌كسانبوونی هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ به‌كۆتاهات و هه‌ردوولا به‌بێ ئه‌نجام ئه‌م گێمه‌یان به‌رێ كرد.

گێمی دووه‌م ده‌ستپێكرد و به‌ مه‌به‌ستی گۆڕینی پلانی یارییه‌كه‌ هه‌ردوو راهێنه‌ران فاتیح حه‌مه‌ خان و یوسف كاكێ چه‌ند یاریزانێكیان له‌پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ ئاڵوگۆر كرد، یارییه‌كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی گێمی یه‌كه‌م تیپی میوان هێره‌شه‌كانیان زیاتر ده‌بیندران بۆ سه‌ر گۆڵی تیپی خاوه‌ن یاریگه‌، به‌ڵام  سه‌رجه‌م هێرشه‌كانیان بێسوود بوو، هه‌ر له‌درێژه‌ى یارییه‌كه‌دا و  له‌خوله‌كی 60دا یاریزانی هه‌ولێر رێڤان ئه‌حمه‌د تۆپێكی له‌لایه‌ن هاورێیه‌كانیه‌وه‌ پێی درا له‌ ناو هێڵی سزا ناوبراو شووتێكی یه‌كجار به‌هێزی ئاراسته‌ى ناو گۆڵی یانه‌ى برایه‌تی كرد، به‌ڵام تۆپه‌كه‌ به‌سه‌ر ستوون چووه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌هێرشێكی پێچه‌وانه‌ى  یانه‌ى برایه‌تی  بۆ سه‌ر گۆڵی یانه‌ى هه‌ولێر، ئه‌وه‌بوو یاریزان ئه‌ركان ره‌حیم له‌ خوله‌كی 66دا  شوتێكی یه‌كجار به‌هێزی ئاراسته‌ى ناو گۆڵی دیدار حامید كرد، به‌ڵام تۆپه‌كه‌ به‌قاچی یاریزانێكی هێڵی به‌رگریی هه‌ولێر كه‌وت و ئاراسته‌ى تۆپه‌كه‌ گۆڕا و به‌ته‌نیشت ستوون چووه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ گۆڕا و له‌خوله‌كی 71دا له‌رێگه‌ى یاریزانی یانه‌ى هه‌ولێر دانا عوسمانه‌وه‌  توانی تاكه‌ گۆڵی سه‌ركه‌وتن  بۆ تیپه‌كه‌ى خۆی تۆمار بكات، دوای ئه‌م گۆڵه‌ یاریزانانی هه‌ولێر  به‌ مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له‌  ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ به‌ پلانی به‌رگری یارییان ده‌كرد و ته‌نیا متمانه‌یان له‌سه‌ر هێرشی پێچه‌وانه‌ ده‌كرد، كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ یاریزانانی برایه‌تی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی گۆڵتۆمار كردنیان ده‌دا، به‌ڵام سه‌رجه‌م هێرشه‌كانیان بێسوود و بێ مه‌ترسی بوون بۆ سه‌ر گۆڵی هه‌ولێر.

 به‌مشێوه‌یه‌ یارییه‌كه‌ به‌ئه‌نجامی تاكه‌ گۆڵی یاریزان دانا عوسمان له‌به‌رژه‌وه‌ندی یانه‌ى هه‌ولێر و به‌كۆتاهات و هه‌ولێر دوور له‌ خاك و هانده‌رانی خۆی توانی 3 خاڵی یارییه‌كه‌ له‌ناو یاریگای برایه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكات، به‌م ئه‌نجامه‌یش یانه‌ى هه‌ولێر كۆی خاڵه‌كانی بوو به‌ 15 خاڵ و هاته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م و به‌ جیاوازی گۆڵ كه‌وت پێش یانه‌ی نه‌ورۆز، كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ 15 خاڵی هه‌یه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا برایه‌تی هه‌ر له‌ 11 خاڵ مایه‌وه‌ و ئێستا له‌ پله‌ى پێنجه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا ده‌بیندرێت.

هه‌ولێر – سه‌رهه‌نگ نه‌جمه‌دین

Leave a Reply