KFA- له‌ یارییه‌كانى گه‌ڕی سێیه‌م و قۆناغى دووه‌مى خولى نایابی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، رۆژى پێنج شه‌ممه‌ 19-1-2017، یانه‌ى هندرێن له‌ یاریگاى خۆى له‌ شارى هه‌ولێر، پێشوازى له‌ یانه‌ى شێروانه‌ى گه‌رمیان كرد و یاریه‌كه‌یشی به‌ئه‌نجامى دوو گۆڵی بێوه‌ڵام برده‌وه‌.

یارییه‌كه‌ به‌فیكه‌ى ناوبژیوانى نێو ده‌وڵه‌تى یوسف سه‌عید ده‌ستى پێكرد، دواى تێپه‌ڕبوونى نیو كاتژمێر به‌سه‌ر تایمى یه‌كه‌م ئاستى هه‌ردوو یانه‌ له‌یه‌كتره‌وه‌ نزیك بوو، زیاتر تۆپ له‌ ناوه‌راستى یاریگا ده‌بینرا، هه‌وڵه‌كانى هه‌ردوو یانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى سزا بوو، هه‌ردوو یانه‌ نه‌یانتوانى بۆ ته‌نها جارێكیش خۆیان بخزێننه‌ ناوچه‌ى سزاى یه‌كتر.

پاشان له‌ خوله‌كى 35 یاریزانى پیشه‌گه‌رى سوورى ئه‌حمه‌د قه‌دورى له‌یه‌كه‌م به‌شدارى كردنیدا، توانى به‌لێدانى سزا گۆڵی پێشكه‌وتن بۆ یانه‌ى هندرێن تۆمار بكات، تایمى به‌پێشكه‌وتنى یانه‌ى هندرێنى خاوه‌ن ماڵ به‌و تاكه‌ گۆڵه‌ دوماهی هات.

كێرڤى یارییه‌كه‌ له‌ گێمى دووه‌مدا به‌رزبونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، له‌ ده‌ستپێكدا ئارام عه‌لى هێرشبه‌رى یانه‌ى شێروانه‌ ده‌رفه‌تێكى ئاسانى له‌ده‌ستدا، كاتێك نه‌یتوانى سوود له‌هه‌ڵه‌یه‌كى بازران یوسفی گۆڵپارێزى هندرێن وه‌ربگرێت، وه‌ڵامى یانه‌ى هندرێن زۆر خێرا بوو، كاتێك له‌ خوله‌كى 56 هێمن فوئاد كه‌ هاوڕێیه‌كانى به‌ (هێمن ته‌ور) بانگى ده‌كه‌ن، ویستى تۆپێك له‌سه‌ر گۆڵپارێزى شێروانه‌ ئاودیو بكات، به‌ڵام حه‌سه‌ن حوسێنى گۆڵپارێز تۆپه‌كه‌ى كۆنترۆڵ كرد.

له‌خوله‌كى 57 سه‌لام عه‌زیز كاپتنى یانه‌ى شێروانه‌ لێدانێكى راسته‌وخۆى ئاراسته‌ى گۆڵی هندرێن كرد، بۆ جارى دووه‌م به‌ سیناریۆى روداوه‌كه‌ى پێشوو، بارزان یوسف گۆڵپارێزى یانه‌ى هندرێن نه‌یتوانى كۆنترۆڵی تۆپه‌كه‌ بكات و له‌ده‌ستی كه‌وته‌ خواره‌وه‌، ئینجا بۆ جارى دووه‌م ئارام عه‌لى نه‌یتوانى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ ئاسانه‌ بقۆزێته‌وه‌ و تۆپه‌كه‌ى ئاراسته‌ى گۆڵ كرد، به‌ڵام به‌ر ستوون كه‌وت.

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ له‌ كۆتایی هاتنى یارییه‌كه‌ گۆرانكارییه‌كان ده‌ستى پێكرد، گۆرانكارییه‌كانى یانه‌ى شێروانه‌ زیاتر له‌ هێڵی ناوه‌راست و هێرشبردن بوو، ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ فشارى خسته‌ سه‌ر یانه‌ى هندرێن و  واى له‌ یانه‌ى هندرێن كرد بكشێنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى پارێزگارى كردن له‌و تاكه‌ گۆڵه‌.

ئه‌حمه‌د قه‌دورى له‌خوله‌كى 67 خه‌ریك بوو گۆڵی دووه‌م و دڵنیایی بۆ یانه‌ى هندرێن تۆمار بكات، كاتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌ى سزا تۆپێكى ئاراسته‌ى گۆڵی شێروانه‌ كرد، به‌ڵام تۆپه‌كه‌ به‌ ته‌نیشت تۆڕی گۆڵ كه‌وت.

یانه‌ى شێروانه‌ له‌ فشاره‌كانى به‌رده‌وام بوو، هه‌ڵمه‌ت عادل له‌ باڵی چه‌په‌وه‌ له‌خوله‌كى 70  تۆپێكى ره‌وانه‌ى گۆڵی هندرێن كرد، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان بارزان یوسف تۆپه‌كه‌ى فڕێی دایه‌ كۆرنه‌ر.

له‌ دووه‌م خوله‌كى كاتی زیاد كراودا، هێمن نازم یاریزانى یه‌ده‌گى یانه‌ى هندرێن، له‌گه‌ڵ دابه‌زینى بۆ نێو یاریگا توانى به‌شێوازێكى جوان گۆڵی دووه‌م و كوشنده‌ بۆ یانه‌كه‌ى تۆمار بكات و یانه‌ى شێروانه‌ى ئومێدبڕ كرد.

به‌م شێوه‌یه‌ یارییه‌كه‌ به‌دوو گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندى یانه‌ى هندرێن كۆتایی هات و تۆڵه‌ى یارى قۆناغى یه‌كه‌مى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌لار به‌سێ گۆڵی بێوه‌ڵام تووشی شكست هاتبوو، هه‌روه‌ها بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌دواى سێ ساڵ یانه‌ى هندرێن له‌ شێروانه‌ ده‌باته‌وه‌.

سه‌ره‌راى ئه‌و شكسته‌ یانه‌ى شێروانه‌ به‌ 13 خاڵ له‌ پێشه‌نگى گرووپی دووه‌م مایه‌وه‌ و یانه‌ى هندرێنیش به‌هه‌مان خاڵ و به‌جیاوازى گۆڵ هاته‌ خانه‌ى سێیه‌م، له‌دواى هه‌ردوو یانه‌ى شێروانه‌ و كه‌ركووك.

هەولێر – مه‌سعود حه‌سه‌ن

فۆتۆ: ته‌ڵعه‌ت نوورى

Leave a Reply