KFA- دەرئەنجامەکانی سەردانی شاندی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بۆ شاری بەغدا و چارەنوسی خولی پلە یەکەکانی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی (هادی کەریم) جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێ بوو.

ئه‌مڕۆ چوارشەممە لەشاری سلێمانی و لە بارەگای نوێی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی بە ئامادەبونی ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، (هادی کەریم) جێگری سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا و دوای سوپاسی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کە بە باشی ڕووماڵی خولەکانی تۆپی پێ دەکەن، ئامانج و دەرئەنجامی سەردانی شاندەکەیانی بۆ بەغدا و کۆبونەوەیان لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی عێراق بۆ ڕاگەیاندنکاران خستەڕوو.

 دواتر و لە باسی چارەنوسی دەستپێکردنی خولی تۆپی پێی یانە پلە یەکەکانی کوردستاندا ڕایگەیاند، کە لەهەوڵدان بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست و گوتیشی: هەموو یانەکان ئاگادار دەکەینەوە کە هەر کات بڕیاری بەڕێوەچوونی خولی پلە یەکمان دا، ئەوا نزیکەی دوو مانگ دەدەین بە یانەکان تا بەتەواوی کۆتایی بە ئامادەکارییەکانیان بهێنن و بەباشی ئامادە بن.

دواتر رۆژنامه‌وانان به‌ پرسیاره‌كانیان كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد له‌سه‌ر زۆر پرسی گرنگ پرسیاریان كرد.

رۆژی سێشه‌ممه‌ شاندێكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتییه‌كه‌ی و هادی كه‌ریم جێگری سه‌رۆك و چه‌ند ئه‌ندامێك، له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق كۆبوونه‌وه‌ و چه‌نده‌ داواكارییه‌كیان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئاراسته‌ی هاوتا عێراقییه‌كه‌یان كرد.

سلێمانی – كاروان شێخ زیره‌ك

Leave a Reply