KFA- لە چوار چێوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم لە خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان لە هەفتەی 10 ی خولەكە و هەفتەی 3 ی ماوەی دووەمی وەرزەكە لە سەر یاریگای زانكۆی سلێمانی تایبەت بە یانەی نەورۆز یاری نێوان یانەی خانەخوێ‌ و یانەی زێرەڤانی شاری دهۆك بەڕێوەچوو كە تیایدا هەردوو یانە بۆ بە دەستهێنانی ئەنجامی یارییەكە و 3 خاڵی گرنگ لە گەڕەكەدا بە یەكیاندا دا.

سەرەتای یارییەكە و تاییمی یەكەم نەورۆزی خاوەن یاریگا بە هێرشبردن و یانەی زێرەڤانی میوانیش بە بەرگری یارییان كرد ئەمەش وای كرد لە خولەكی 16 ی یارییەكەدا یانەی خاوەن یاریگا دڵی هاندەرانی خۆش كرد بە تۆمار كردنی گۆڵی یەكەم لە لایەن كارزان مستەفاوە.

پاشان زێرەڤانی خۆی كۆكردەوە و پاش چەند هێرشێكی هەڵگەڕاوە توانییان سوود لە هەڵەیەكی هێڵی بەرگری یانەی نەورۆز وەربگرن و توانییان لە ڕێی كاپتنی یانەكە خالید موشیرەوە لە خولەكی 20 بە پەناڵتی یارییەكە بگەڕێننەوە خاڵی یەكسانی و تاییمەكەش هەر بەو ئەنجامە بە كۆتا هات.

لە تاییمی دووەمدا و پاش چەند گۆڕانكارییەك لە لایەن هەردوو ڕاهێنەرەوە یارییەكە گەرمتر و چێژ بەخشتر بوو، بەڵام هیچ كام لە هەردوو ڕكابەر نەیانتوانی گۆڵی بەرامبەر بە سەر بكەنەوە هەر بۆیە ئەنجامی كۆتایی یارییەكە 1 – 1 بە كۆتا هات و هەر یانەیە و بە خاڵێك قاییل بوون.

نەورۆز بە لە دەستدانی 2 خاڵی زۆر گرنگ لە ماوەی دووەمی خولی كوردستاندا تا ئێستا بە داوی بردنەوەیەكەوە وێڵە پاش دوو دۆڕان لە گەڕەكانی پێشوو ئینجا ئەم یەكسان بوونەش دۆخی یاسین مەناف و كوڕانی تەواو شڵۆقاند و بە تەواوەتی مەترسی خستە سەر پێگەی ئەو یانەیە لە ڕێگەی گەیشتنی بە چوار گۆشەی زێڕینی ئەم وەرزە.

لە بەرامبەردا زێرەڤانی كە ماوەی دوو وەرزە دۆخی وەك پێویست نییە ئەمیش باش بە دەرناكەوێت سەرەڕای  ئەوەش توانی 2 خاڵی زۆر گرنگ لە نەورۆز وەربگرێت و بە ئاسودەیی گەڕایەوە.

سلێمانی – سەرکار جەمال

Leave a Reply