KFA- له‌ گه‌ڕى دووه‌مى چوارگۆشه‌ى زێڕینى خولى تۆپى پێی پێشمه‌رگه‌ى یانه‌ نایابه‌كانى كوردستان یانه‌ى نه‌ورۆز بووه‌ میوانى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر و یارییه‌كه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تیپى میوان كۆتایى هات.

ئه‌م یارییه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كات 3:30 ـى دواى نیوه‌ڕۆ كه‌شێكى سارد و باراناوى شارۆچكه‌ى پیرمام به‌ناوبژیوانیه‌تی (زانا عه‌بدوڵڵا) ئه‌نجامدرا, یه‌كه‌م ده‌رفه‌تى یارییه‌كه‌ له‌ خوله‌كى 8 بۆ یاریزانانى پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵكه‌وت و دواى  سێ لێدانى به‌دواى یه‌ك تۆپه‌كه‌ به‌هه‌ده‌ردراو هیچ گۆڵێكى لێ به‌رهه‌م نه‌هات, دواتر له‌ هه‌ڵه‌یه‌كى (هه‌رێم كه‌لاری) كاپتنی یانه‌ی نه‌ورۆز  خه‌ریك بوو (فه‌رهه‌نگ وریا) یانه‌كه‌ی به‌ گۆڵێك پێش بخات، به‌ڵام گۆڵپارێزی نه‌ورۆز تۆپه‌كه‌ی كۆنترۆل كرد.

له‌ به‌رانبه‌ردا یاریزانی نه‌ورۆز به‌ توندی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌و چوار ده‌رفه‌تی ئاسانی گۆڵتۆماركردنیان له‌ ده‌ستدا له‌ رێگه‌ی یاریزانان (كامه‌ران عه‌لی) له‌ خوله‌كی (22) به‌ لێدانێكی راسته‌وخۆ و له‌ خوله‌كه‌كانی (26،28) (به‌هائه‌دین به‌كر) دوو هه‌لی ئاسانی له‌ ده‌ستدا و له‌ خوله‌كی (32) (شكار موحسین) هه‌ڵێكى تری له‌ ده‌ستدا.

هێرشه‌كانی یانه‌ی نه‌ورۆز به‌رده‌وامی هه‌بوو له‌ خوله‌كه‌كانی (34،44) دوو هێرشی تریان بۆ هه‌ڵكه‌وت ئه‌مجاره‌ش گۆڵپارێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (كاوه‌ حه‌سۆ) تۆپه‌كانی دوورخسته‌وه‌ و گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ به‌ بێ گۆڵ ته‌واو بوو.

له‌ گێمی دووه‌می یارییه‌كه‌ ترس به‌هه‌ردوو یانه‌ دیاربوو و هیچ مه‌ترسییه‌كیان له‌سه‌ر گۆڵی یه‌كتر نه‌بوو تا خوله‌كی (67) له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی هێڵی به‌رگری و گۆڵپارێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ گۆڵێكی (به‌هائه‌دین به‌كر) ـى  هێرشبه‌ر پێشكه‌وت.

وه‌ڵامی خاوه‌ن مال زۆری نه‌خایاندو به‌سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گۆڵپارێزی نه‌ورۆز، هێرشبه‌ری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (عامر فازل) توانی یارییه‌كه‌ بهێنێته‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تاو گۆڵی یه‌كسان بۆ یانه‌كه‌ى تۆماربكات.

دوای به‌شداریپێكردنی زیاد عه‌بدوڵڵا له‌ نیوه‌ی دووه‌م له‌ لایه‌ن (یاسین مه‌ناف) ـى راهێنه‌ریه‌وه‌ ئه‌م یاریزانه‌ بووه‌ فریادره‌سی یانه‌كه‌ی و به‌ تۆماركردنی گۆڵێك له‌ خوله‌كی (85) سێ خاڵی گرنگی بۆ یانه‌كه‌ی ده‌ستبه‌ركرد.

پاشان زانا عه‌بدوڵڵا ناوبژیوان فیكه‌ی ته‌واوبوونی یارییه‌كه‌ى به‌سه‌ركه‌وتنی یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ ئه‌نجامی (2-1) گۆڵ لێدا، به‌م ئه‌نجامه‌ یانه‌ی نه‌ورۆز كۆی خاڵه‌كانی بۆ (4) خاڵ به‌رزكردووه‌ و هاته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یانه‌كانى چوار گۆشه‌ی زێرین و پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر ـیش خانه‌ى یه‌كه‌مى به‌ره‌و سێیه‌م جێهێشت.

هه‌ولێر ـ ئومێد ئیبراهیم

فۆتۆ: ئومێد ئیبراهیم

Leave a Reply