KFA- له‌ دوایین گەڕی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، یانه‌ی شێروانه‌ی تاكه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی گه‌رمیان له‌سه‌ر پشتی زاخۆ په‌ڕییه‌وه‌ و بلیتی قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرینی بڕی، تۆ بڵێی نهێنیی سه‌ركه‌وتنه‌كان و گه‌یشتنی تیپه‌كه‌ به‌و قۆناخه‌ چییه‌؟
كاروان حه‌مه‌ساڵح راهێنه‌ری شێروانه‌ ده‌ڵێت: ھەر لە سەرەتای خولەکە پلانی سەرکەوتنمان بۆ چوارگۆشەی زێرین دانابوو، وەک دەستەی راھێنەران پلانەکشمان بە پاڵپشتی ئیدارەی یانەکە و یاریزانان و دەستەی راھێنەران جێبەجێ کرد.

راھێنەرە لاوەکە جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خاڵی سەرەکی سەرکەوتنەکەیان بۆ ئیدارەی یانەکە بە گشتی و فه‌رھاد کەرەمی سەرپەرشتیاری تیپەکە دەگەرێنێتەوە کە بەردەوام ھاوکار و پشتیوانیان بووە، ده‌شڵێت: هه‌رگیز پشتێوانی ھاندەرانیش لە بیرناکه‌ین کە رۆڵی كاریگه‌ریان له‌ سه‌رخستنی یانه‌كه‌ی بۆ چوارگۆشه‌ی زێڕین هه‌بووه‌.

كاپتنی یانه‌كه‌ قسه‌ی خۆی هه‌یه‌
سەلام عەزیز بەرگریکار و کاپتنی یانەی شێروانه‌ پێی وایه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان یاریزانان و ماندووبوونی بێ ئەندازەی دەستەی کارگێری و راھێنەر و وه‌فای هانده‌ران زیاتر وزه‌ی پێبه‌خشیون و هۆكارێك بوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ یاریزانه‌كان هه‌ست به‌ شه‌كه‌تبوون و هیلاكی نه‌كه‌ن.
کاپتنەکەی شێروانە پێیوایە بەردەوام بوون بەم شێوەیە دەیانگەیەنێتە نازناوەکەش.

گۆڵپارێزه‌ سه‌ركێشه‌كه‌ی شێروانه‌ په‌یامی خۆی هه‌یه‌
حەسەن حوسێنی گۆڵپارێزی شێروانه‌ نھێنی ئەم سەرکەوتنانە دەگەرێنێتەوە بۆ یەکدەنگی و یەکریزی یاریزانان و راھێنەران، حه‌سه‌ن پاڵپشتی ھاندەران بە یەکێکی تر لە خاڵە بەھێزەکانی سەرکەوتنەکانیان دەزانێت و پێیوایە بە بوونی ئەوان دەتوانن جەنگی نازناوەکەش بکەن، ئەم سەرکەوتنە مێژوویەش دەکاتە دیاری بۆ ھاندەرانیان.

قه‌ناسه‌كه‌ی شێروانه‌ چی ده‌ڵێت؟
عه‌لی کاکە مینەی هێرشبه‌ری شێروانه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ 6 جار تۆڕی به‌رامبه‌ره‌كانی هه‌ژاندووه‌ و به‌ قه‌ناسه‌كه‌ی شێروانه‌ ناسراوه‌، ئه‌و له‌ لێدوانێكدا ئەم سەرکەوتنە دەکاتە دیاری بۆ ھاندەرانی یانەکەی، ده‌شڵێت: ھاندان و بەردەوامی پاڵپشتی ئەوان بووە نھێنی ئەم سەرکەوتنە مێژووییە.

عه‌لی كاكه‌مینه‌ كه‌ سه‌رلیستی گۆڵكارانی ئه‌م وه‌رزه‌ی گرتووه‌ بەڵێنی به‌ده‌ستھێنانی نازناوەکەش به‌ گەرمیانییه‌كان ده‌دات و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر به‌م ئاست و یه‌كڕیزییه‌ بمێنینه‌وه‌ له‌ ناسناوه‌كه‌ نزیكین و دوورنین.

سه‌ربازه‌ ونه‌كان پشت سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی شێروانه‌
له‌ ده‌ستپێكی یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌، میدیاكاران و رۆژنامه‌نووسان وه‌رزشی گه‌رمیان رۆڵێكی كاریگه‌ریان له‌ رووماڵكردنی یانه‌ی شارۆچكه‌كه‌یان هه‌بوو.

داستان ئەمینی رۆژنامەنووس پێیوایه‌ پاڵپشتی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی سنوورەکە خاڵێکی بەھێزی سەرکەوتنەکانی یانه‌ كه‌لارییه‌كه‌ بوون.

داستان ده‌ڵێت: له‌ دوایاریدا رۆڵه‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی میدیاكارانی گه‌رمیان به‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی شێروانه‌ ڕه‌نگی دایه‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان ھەڵمەتێکی گه‌وره‌یان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌زگایه‌كانیان بۆ پشتگیریكردنی یانه‌كه‌یان ده‌ستپێكرد بوو.

ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌، لێھاتوویی دەستەی راھێنەران و چۆنیه‌تی کارکردن لەسەر لایەنی دەروونی یاریزانان بە خاڵێکی بەھێز سه‌ركه‌وتنی شێروانه‌ وەسف دەکات.

هانده‌ران، شێروانه‌یان به‌ ڕۆژه‌ خۆشه‌كه‌ گه‌یاند
له‌ لای خۆیه‌وه‌ ھاندەرێکی شێروانـــە دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنە مێژووییەكه‌ی یانه‌كه‌ی به‌سه‌ر یانه‌ی زاخۆ ده‌ربڕی و پێیوایە ساڵانێکە ھاندەران چاوەرێی ئه‌و سه‌ركه‌وتن و رۆژه‌ خۆشه‌ ده‌كه‌ن.

رەوا فەرەج كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هانده‌رانی شێرونه‌ گوێ به‌هیچ شتێك نادات و بە گەرما و سەرما لە یارییەکاندا بۆ پاڵپشتیكردنی شێروانه‌ له‌ یاریگه‌ ئاماده‌ ده‌بێت، ئه‌و ده‌ڵێت: هانده‌ران هه‌میشه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ یانه‌كه‌یان رووانیوه‌ له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنه‌كان ئاهه‌نگیان گێراوه‌ و له‌ كاتی شكسته‌كانیش متمانه‌یان بۆ سه‌رخستنی یانه‌كه‌یان له‌ده‌ستنه‌داوه‌.

شێروانه‌ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی خۆیدا ده‌گاته‌ قۆناخی چوارگۆشه‌ی زێرین، له‌ یه‌كه‌مین یاری ئه‌م قۆناخه‌ش له‌ رۆژی 16/3 كه‌ ده‌كاته‌ مانگی داهاتوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی نه‌ورۆز، له‌ دووه‌مین یاری خۆشی له‌ 23/3 میوانداریی یانه‌ی كه‌ركووك ده‌كات.

راپۆرت – دانا له‌تیف – كه‌لار

فۆتۆ: هادی ئه‌حمه‌د

Leave a Reply