KFA- سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان بۆ دوو ساڵی دیكه‌ وه‌كو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی رێكخراوی كۆنیفا متمانه‌ی پێدرایه‌وه‌ و وه‌كو سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسیای رێكخراوه‌كه‌ش ده‌مێنێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ سویسرا كۆبوونه‌وه‌كانی رێكخراوی كۆنیفا به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌فین كانه‌بی به‌شداریی تێداكرد.

له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كاندا پرۆسه‌ی متمانه‌ به‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا سه‌فین كانه‌بی جارێكی دیكه‌ متمانه‌ی پێدرایه‌وه‌ وه‌كو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی رێكخراوه‌كه‌، له‌ هه‌ماندا وه‌كو سه‌رۆكی لیژنه‌ی كیشوه‌ری ئاسیای رێكخراوه‌كه‌ به‌رده‌وامده‌بێت.

سه‌فین كانه‌بی به‌ سایتی یه‌كێتیی تۆپی پێی گوت: “به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ متمانه‌مان پێدرایه‌وه‌ و هه‌وڵده‌ده‌ین كار و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌ و هه‌رێمه‌ ئه‌ندامه‌كان باشتر و به‌هێزتر بكه‌ین”.

رێكخراوی كۆنیفا، كه‌ كورتكراوه‌ی Confederation of Independent Football Associations (یه‌كێتیی كۆمه‌ڵه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌كانی تۆپی پێ)یه‌، ساڵی 2013 دامه‌زراوه‌ و ساڵی 2014 ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد و یه‌كه‌م پاڵه‌وانیه‌تیی له‌ 2015 له‌ سیزیكلاند ئه‌نجام دا و پارساڵیش دووه‌م پاڵه‌وانیه‌تیی له‌ ئه‌بخازیا رێكخست.

رێكخراوه‌ جگه‌ له‌ تۆپی پێ، بایه‌خ به‌ بواره‌كانی رۆشنبیری و كلتوریش نێوان هه‌رێم و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان ده‌دات.

Leave a Reply