KFA- له‌ دواى رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كه‌ى یاریگاى زاخۆ، یانه‌ى كه‌ركووك پاڵپشت به‌ جه‌ماوه‌ره‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ى یانه‌ى ئاراراتی میوانى تێكشكاند و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژوویدا ناوی خۆی له‌ قۆناغی چوارگۆشه‌ى زێڕینی خولى نایابی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا نووسییه‌وه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین و به‌چێژترین یارییه‌كانى گه‌ڕی 12ی گرووپی دووه‌مى خولى نایابی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ، یانه‌ى كه‌ركووك له‌ نێو یاریگای خۆی و پاڵپشت به‌ هانده‌ره‌ دڵ ره‌نجاوه‌كه‌ى رووبه‌ڕووى یانه‌ى ئاراراتی میوانى بوه‌وه‌.

به‌ده‌ستهێنانى خاڵه‌كانى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كى یاریزانانى یانه‌ى كه‌ركووك بوو تاكو خه‌نده‌ و بزه‌ى پێكه‌نین بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر لێوانى هانده‌ره‌ دڵشكاوه‌كانیان.

كۆڵنه‌دانى یاریزانانى یانه‌ى كه‌ركووك له‌ پێناو به‌دیهێنانى ئامانجه‌كه‌یان ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌خایه‌ند ، كاتێك له‌ خوله‌كی (17)دا ، عه‌لی سیروان به‌ شووتێكی موشكئاسا و دوور مه‌ودا كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌لایه‌ن غه‌فور عوسمانى گۆڵپارێزه‌وه‌ مه‌حاڵ بوو ، یه‌كه‌م گورزی كه‌ركووكییه‌كانى وه‌شاند و جۆشوخرۆشی خسته‌ نێو هانده‌ره‌ دڵسۆزه‌كانى یانه‌كه‌ى.

به‌ڵام دواى ئه‌و گۆڵه‌ به‌ چه‌ند خوله‌كێك، ئامانج فه‌خره‌دین به‌ لێدانێكی سه‌ر تۆڕی تیپی یانه‌ى كه‌ركووكى میواندارى به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌سوودى یانه‌ى ئاراراتی میوان یه‌كسانكرده‌وه‌.

پاشان له‌ كاتێكدا هه‌مووان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان ده‌كرد نیوه‌ى یه‌كه‌مى دیداره‌كه‌ به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك بۆ هه‌ر لایه‌ك كۆتایی پێ بێت ، به‌ڵام له‌ ئاكامی به‌رزبونه‌وه‌یه‌كى سه‌رسورهێنه‌ردا بنجامین ئاكۆباجی نه‌یجیری له‌ رێی لێدانێكی سه‌ری جوانه‌وه‌ جه‌ختی له‌ پێشكه‌وتنى یانه‌ى میواندار كرده‌وه‌ و ئه‌و تایمه‌ى به‌سوودى كه‌ركووكییه‌كان یه‌كلاكرده‌وه‌.

دواتر و له‌ نیوه‌ى دووه‌مدا، یانه‌ى كه‌ركووك شێوازى یاریكردنى ئاڵگۆڕ كرد و پلانی دژه‌ هێرشی په‌یڕه‌و كرد ، له‌ یه‌كێك له‌و هێرشه‌ كوشندانه‌شدا به‌رهه‌م به‌هائه‌دینی هێرشبه‌ر، به‌ شووتێكی دیكه‌ى به‌هێز، گۆڵی سێیه‌می یانه‌ى كه‌ركووكى رایگه‌یاند ، دواى ئه‌و گۆڵه‌ یاریزانانى یانه‌ى ئاراراتی میوان به‌ ته‌واوه‌تى راده‌ستى واقیعی دیداره‌كه‌ بوون و بێ هیوا بوون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ نێو كه‌شوهه‌وای یارییه‌كه‌.

 له‌ به‌رامبه‌ردا یاریزانانى یانه‌ى كه‌ركووك به‌ دژه‌ هێرشه‌كانیان هێنده‌ى دیكه‌ یاریزانانى یانه‌ى ئاراراتی میوانیان شه‌كه‌ت و ماندوو كرد.

 له‌ هێرشێكی دیكه‌دا كه‌ پاڵه‌وانى ئه‌م دیمه‌نه‌یان چۆمان عومه‌ر بوو ، كۆتایی به‌ كه‌رنه‌ڤاڵی گۆڵه‌كانى یانه‌ى كه‌ركووك هێنا و واژووى له‌سه‌ر گۆڵی چواره‌م و كۆتایی كه‌ركووكییه‌كان كرد.

به‌م ئه‌نجامه‌ش ، یانه‌ى كه‌ركووك به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و شان به‌ شانی یانه‌ى شێروانه‌ى هاو گرووپی، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژوویدا ناوى خۆی له‌ قۆناغی چوارگۆشه‌ى زێڕینی خولى نایابی كوردستاندا نووسییه‌وه‌.

كه‌ركووك – محه‌مه‌د عه‌بدولڕه‌حمان

فۆتۆ – ئیبراهیم یه‌شار

Leave a Reply