KFA-ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی ئادار 2017 بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێر و سەرجەم ئەندامانی, یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی هونەری لەگەڵ نوێنەری یانە سەركەوتووەكانی قۆناغی چوارگۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان كۆبوویەوە.
سەرەتا (سەفین كانەبی) سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە پەیڤێكی كورتدا, پیرۆزبایی لە هەر چوار یانە سەركەوتووەكە كرد و هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن, داواشی لە نوێنەری یانەكان كرد, كە هاوكاری یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و خولەكە بكەن, ئەوەی بە جوانترین شێوە رووی راستەقینەی وەرزشی كوردستان بە ناوەوە و دەرەوە پیشان بدەین, چونكە خولەكە بە ناوی پیرۆزی پێشمەرگەیە و پێویستە لەسەر هەموومان بەو پەڕی گیانی وەرزشی و لێبوردەیی ئەنجامەكان قبوڵ بكەین.
دواتر هەریەك لە نوێنەرانی یانەكانی چوارگۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان, پێشنار و بۆچوونی خۆیان لە بارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی یارییەكان خستەروو, لە كۆتاییدا بریاردرا, كە سەرجەم یارییەكانی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان لە رۆژانی پێنجشەممە لە كات 3:30 ـی ئێوارە بەرێوە بچێت.
بریاریشدرا سەرجەم (یەك كارت و دوو كارتی زەرد و كارتی سوور یان سێ كارتی زەرد) ـی سەر یاریزانەكان, كە لە قۆناغی كۆمەڵەكان بە روویان بەرز كراوەتەوە بسڕێتەوە.
لە كۆتایشدا بە فەرمی سەرپەرشتیاری تیپی هەرچوار یانەكە, بەڵێنامەیان پڕ كردەوە, كە هەموو كارێك بۆ سەرخستنی خولەكە دەكەن و بەرپرسیارییەتی تەواو لە ئەستۆ بگرن.
جێگەی باسە گەڕی یەكەمی یارییەكانی چوارگۆشەی زێرینی خولی نایابی پێشمەرگەی كوردستان, وەك وەفایەك بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە, لە پێنجشەممەی دادێ‌ رێكەوتی 16/3/2017 بەرێوە دەچێت, لە یاری یەكەمیشدا یانەی كەركووك لە یاریگەی خۆی میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەكات و یانەی (نەورۆز) ـیش لەسەر یاریگەی سلێمانی (مەلعەبەكە) رووبەرووی شێروانە دەبێتەوە.

Leave a Reply