KFA- سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان رۆژی شه‌ممه‌ له‌ سلێمانی و كه‌ركووك دوو رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی به‌سه‌ر كرده‌وه‌، كه‌ باری ته‌ندروستییان باش نییه‌.
سه‌فین كانه‌بی رۆژی شه‌ممه‌ له‌ سلێمانی به‌ یاوه‌ری هادی كه‌ریم جێگری سه‌رۆك،

سه‌ردانی رۆژنامه‌نووسی وه‌رزشی و په‌یامنێری كوردستان تیڤی نه‌شمیل محه‌مه‌دی كرد، كه‌ له‌ یارییه‌كه‌ی نه‌ورۆز و شێروانه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كانه‌وه‌ به‌ توندی ئازار درابوو، به‌هۆیه‌وه‌ كه‌وته‌ نه‌خۆشخانه‌.
سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێ هیوای چاكبوونه‌وه‌ و سه‌لامه‌تی بۆ نه‌شمیل محه‌مه‌د خواست و ئاماده‌یی هه‌ر هاوكارییه‌كی بۆ ده‌ربڕی.
هاوكات سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێ داوای كرد رێز له‌ رۆژنامه‌نووسان بگیرێت و رێگرییان لێ نه‌كرێت كاتێك بۆ روومالی یاری و چالاكییه‌كان ده‌چنه‌ یاریگه‌كان.
سه‌فین كانه‌بی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی راستی و دروستی كێشه‌ روون ببێته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من به‌رپرسیاره‌تیی ئه‌و كاره‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.
له‌ به‌رامبه‌ردا نه‌شمیل محه‌مه‌د سوپاسی سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێ و شاندی یاوه‌ری و ته‌واوی رۆژنامه‌نووسان و ئه‌و كه‌سانه‌ی كرد، كه‌ له‌ خه‌میدابوونه‌ و سه‌ردانیان كردووه‌ و لێیان پرسیوه‌.
هه‌ر له‌ رۆژی شه‌ممه‌دا سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان به‌ یاوه‌ری شاندێك، له‌ كه‌ركووك سه‌ردانی ماڵی وێنه‌گر و رۆژنامه‌وانی وه‌رزشی یوسف كه‌ركووكی كرد، كه‌ باری ته‌ندروستی باش نییه‌ و بڕیاره‌ له‌م رۆژانه‌ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بكرێت.
سه‌فین كانه‌بی هیوای سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستییه‌كی باشی بۆ یوسف كه‌ركووكی خواست و ئاماده‌یی خۆی بۆ هه‌ر پێویستی و هاوكارییه‌ك ده‌ربڕی.
له‌ به‌رامبه‌ردا كه‌ركووكی سوپاسی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ و دڵسۆزیی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستانی كرد.

راگه‌یاندنی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان

Leave a Reply