KFA- ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر خولی پێشخستنی ئاستی راهێنه‌رانی پله‌ی Cی ئاسیا ده‌ستیپێكرد و ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی راهێنه‌رانی كوردستان به‌شدارن.

خوله‌كه‌ له‌ هۆڵی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌فین كانه‌بی و سه‌رۆكی یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق عه‌بدولخالق مه‌سعود ده‌ستیپێكرد.
وانه‌كانی خوله‌كه‌ له‌لایه‌ن وانه‌بێژی ئاسیایی دكتۆر قاسم له‌زام و به‌ هاوكاری راهێنه‌ر یوسف كاكێ پێشكه‌شده‌كرێت، كه‌ 24 راهێنه‌ر به‌شدارییان تێداكردووه‌ و له‌ خوله‌كه‌دا ئاستیان به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ به‌ نوێترین زانیارییه‌كانی كاری مه‌شق و راهێنان ئاشناده‌كرێن و دواتر بڕوانامه‌ی پله‌ی Cی ئاسیا وه‌رده‌گرن.
خوله‌كه‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ به‌رده‌وام ده‌بێتت و تێیدا نوێترین و هاوچه‌رخترین شێواز و وانه‌كانی كاری مه‌شق و راهێنان به‌ راهێنه‌رانی به‌شداربوو ئاشنا ده‌كرێت.
هاوكات خوله‌كه‌ به‌ هه‌ردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان سه‌رپه‌رشتی خوله‌كه‌ ده‌كات و ته‌واوی پێداویستییه‌كانی بۆ به‌شداربووان و به‌ڕێوه‌چوونی خوله‌كه‌ش دابینكردووه‌ له‌ پێناو به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی راهێنه‌رانی كوردستان.
خولی پێشخستنی راهێنه‌رانی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی Cی ئاسیا له‌ لایه‌ن یه‌كێتیی تۆپی پێی كوردستان و به‌ هاوكاریی یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق ئه‌نجامدراوه‌ و به‌شداریكردنی راهێنه‌رانیش به‌خۆڕاییه‌ و ئامانج تێیدا به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاست و پله‌ی راهێنه‌رانی كوردستانه‌.

Leave a Reply