KFA- ئەمڕۆ یارییەکانی کۆمەڵەی دووەم لە خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان بە بەڕێوەچوونی سێ یاری چارەنوسساز کۆتاییان دێت، هەرسێ یارییەکەش هەڵوێستی کۆمەڵەکە بە تەواوی دەگۆڕێت و هیچ بلیتێکی سەرکەوتن یاخود دابەزین لەم کۆمەڵەیەدا یەکلایی نەبووەتەوە، جگە لە یانەی هندرێن کە هیچ یارییەکی نەماوە و لە خولەکەدا ماوەتەوە، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌موو شتێك یه‌كلاده‌بێته‌وه‌.

لە یاری یەکەمدا لە کەرکووک یانەی ئارارات دەبێتە میوانی یانەی کەرکووک، بردنەوەی هەرکامێکیان لەم یارییەدا دەیگەیەنێتە قۆناخی کۆتایی خولەکە، چونکە هەردوو یانە 16 خاڵیان هەیە، هەردوو یانەش ئەمساڵ لە رووی ئاست و ئەنجام و تەنانەت گۆڵتۆمارکردنیشەوە تا ڕادەیەك لە یەکدییەوە نزیکن، بۆیە پێشبینیکردن بۆ ئەم یارییە کەمێک زەحمەت دەبێت.
لە یاری دووەمدا زاخۆ دەچێتە کەلار و لەوێدا رووبەڕووی یانەی شێروانە دەبێتەوە، زاخۆ لە پلەی یەکەمدایە و شێروانەش لە پلەی دووەمە، جیاوازی نێوانیشیان تەنیا خاڵێکە، بەهەمان شێوە بردنەوەی هەرکامێکیان دەبێتە خاوەنی بلیتێکی قۆناخی داهاتووی خولەکە.
لە دوایین یارییشدا سیروانی نوێ لە یاریگای خۆیدا رووبەڕووی یانەی گارە دەبێتەوە، بردنەوە و یەکسانبوون لە یارییەکەدا سیروان لە خولەکەدا دەهێڵێتەوە، لەبەرامبەردا گارە پێویستی بە نیو دەرزەن گۆڵی بێبەرامبەر هەیە بۆ ئەوەی لە خولەکەدا بمێنێتە هەر ئەنجامێکیش کەمتر لە شەش گۆڵ بێت، واده‌كات یانه‌ی گارە ماڵئاوایی لە خولی نایابی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بکات.

Leave a Reply