KFA- تا دێت یاریەکانی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان گەرمتر و بەهێزتر دەبن و رکابەریەکان توندتر دەبن ئەم ناونیشانە بە تەواوی بۆ یاری نێوان هەردوو یانەی ئاڕاڕات و هەندرێن راست بوو کاتێک یانەکەی شارۆچکەی پیرمام هاتە شاری هەولێر و بووە میوانی یانەی هەندرێن و یاریەکەش بە یەکسانبوون کۆتاییهات بە ئەنجامی گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان.

لە میانی یاریەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناغی دووەمی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان و لە رکابەریەکانی گروپی دووەم هەردوو یانەی هەندرێن و ئاڕاڕات یاری لوتکەی ئەم هەفتەیان ئەنجامدا و هەر لە سەرەتای یاریەکەوە بە توندوتیژی دەستی پێکرد بەهۆی هەستیاری ئەنجامی یاریەکە.
یانەی ئاڕاڕات دەسپێشخەر بوو لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر لە خولەکی ٨ پاشان هیدایەت لەتیف هێرشبەری یانەی هەندرێن بە لێدانێکی بەهێز وەڵامی دایەوە بێ ئەوەی گۆڕانکاری لە ئەنجامی یاریەکە رووبدات.
خولەکی ١٨ ناونیشانی گۆڵی یەکەمی یاریەکە بوو کاتێک بەرگریکاری یانەی ئاڕاڕات محەمەد تەها سوودی لە تۆپێکی جێگیر بینی و وەریگێڕایە سەر گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانەکەی.
ئەم ئەنجامە بە خواستی یانەی هەندرێنی خاوەن ماڵ نەبوو بۆیە بە زنجیرەیەک هێرش وەڵامی یانەی میوانیان دایەوە و جارێکیش ستوون رێگربوو لەبەردەم راستکردنەوەی ئەنجامی یاریەکە لە بەرژەوەندی یانەی هەندرێن.
لە خولەکی ٣٥ ئامانج ئەکرەم بە لێدانێکی سەری بەهێز گۆڵی یەکسانبوونەوەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و یاریەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
ئومێد مستەفای ناوبژیوان ئەم گێمەی بە ئەنجامی یەکسانبوون و لە نێو توندوتیژ و گازاندەی یاریزانان و راهێنەران و سەرپەرشتیاری تیپی هەندرێن بەکۆتاهێنا بە حوکمی ئەوەی تیپی خاوەن ماڵ گلەییان لە هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا هەبوو لە ناوەڕاستی ئەم گێمە.
لە سەرەتای گێمی دووەم عەلی عەزیز باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی خولی نایابی کوردستان بە لێدانێکی بەهێز بەختی خۆی تاقیکردەوە بەڵام بێ بەرهەم بوو دواتر سامان عیسا کە ئەم گێمە هاتبووە ناو یاریگە بە لێدانێکی بەهێز خەریک بوو یانەی ئاڕاڕات جارێکی تر پێشخات بەڵام بەخت یاوەری نەبوو.
لە ناوەڕاستی ئەم گێمە یانەی هەندرێنی خاوەن ماڵ بە تەواوی جڵەوی یاریەکەی گرتە دەست بە حوکمی ئەوەی جگە لە بردنەوە هەر ئەنجامێکی دیکە تا راددەیەک بێ هیوای دەکرد بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی خولی نایابی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرامبەردا یانەی میوان پشتی بە بەرگریکردن پتەوکرد و ناوبەناویش هێرشی پێچەوانەی ترسناکیان دەهێنایە سەر گۆڵەکەی هەندرێن. یاریزانانی هەردوو یانە چەندین دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت تا گۆڕانکاری بەسەر ئەنجامی یاریەکە بهێنن بەڵام ئەنجامی گێمی یەکەم ناونیشانی تەواوی یاریەکە بوو هەردوو یانە خاڵەکانی یاریەکەیان دابەشکرد و ئاڕاڕات دوور لە یاریگەی خۆی خاڵێکی گرنگی لە هەندرێن وەرگرت. بەم ئەنجامە و بە کاریگەی ئەنجامی یاریەکانی دیکە لەم هەفتەیە سەرجەم یانەکانی ئەم گروپە جگە لە یانەی گاڕە هیوای گەیشتنیان بە قۆناغی داهاتوو ماوە چانسی هەر یانەیەک دەوەستێتە سەر ئەنجامی یانەکانی دیکە.

راپۆرتی ئاری عەبدوڵا
فۆتۆ: سەبور فۆتۆگرافەر

Leave a Reply